شیڤان شێرزاد – هەولێر
لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی تێکچوونی تەندروستیی هونەرمەندی بواری نواندن و شانۆ “یونس حەمەکاکە” و کۆتاییهاتنی کاروانی هونەری ئەو هونەرمەندە، شاندێکی هونەری بە سەرۆکایەتی “هیوا سوعاد” سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لە نزیکەوە ئەو هونەرمەندەیان بەسەر کردەوە، کە تەمەنی خۆی بە دنیای هونەر و شانۆ و دراما بەخشیوە و ئێستا جەڵتەی مێشک لێێ داوە.
لە سەردانەکەی سەندیکای هونەرمەندانی هەولێردا چەپکێک گوڵی وەفا پێشکەش بە خزمەتی بەرچاوی ئەو هونەرمەندە کرا، کە نزیکەی نیوسەدەیە لەسەر تەختی شانۆی کوردیدا خزمەت بە هونەر دەکات و تا ئێستاش بەردەوام بووە لە کارە هونەرییەکانی، بەڵام ئەو نەخۆشیە سەختە ئێستا بووەتە بەربەستێک لە بەردەم کارە هونەرییەکانی و بە فرمێسکی گەرمەوە لە پێشوازی هونەرمەندانی هەولێردا بوو.
“هیوا سوعاد” سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لە ئاخاوتنێکی بۆ “هەولێر”دا دەڵێت: خزمەتی بەرچاوی ئەو هونەرمەندە لە کاروانی هونەری شانۆ و درامادا هەمیشە بە چاوی ڕێزەوە سەیر دەکەین و دڵگرانین بە تێکچوونی باری تەندروستیی ئەو هونەرمەندە خاکەڕەوە نیشتمانپەروەرەی، کە هەمیشە هەوڵی داوە ڕێز لە کەسایەتی خۆی و هونەرەکەی بگرێت و بە گرانی و سەنگینی خۆی لەسەر تەختی شانۆدا ماوەتەوە، بۆیە شاندەکەمان لە سەندیکای هونەرمەندان بە ئەرکی خۆمان دەزانین خزمەتی ئەو هونەرمەندە بکەین و لە حاڵەتێکی وا نەخوازراودا نازی هونەرمەندان هەڵگرین.
جێگەی باسە، دوای بەسەرکردنەوەی “یونس حەمەکاکە” شاندەکەی سەندیکای هونەرمەندان ئامادە بوون لە نمایشێکی شانۆیی، کە لە شاری سەقزەوە هاتبوونە سلێمانی و شانۆگەریی “پردێک لە شووشە”یان نمایش کرد و لەسەر تەختی شانۆشدا چەپکێک گوڵیان پێشکەش کرا.