عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
دوای ماوەیەكی زۆر بێدەنگی، هونەرمەندی ناسراو پەیوەند جاف، نوێترین بەرهەمی بە ناوی پەری بڵاو كردەوە كە بەرهەمەكە ستایلێكی خاوی پێوە دیارە.
لە چەند رۆژی رابردوودا هونەرمەندی ناسراو پەیوەند جاف بەرهەمی نوێی بە ناوی (پەری) بڵاو كردەوە، ئەم بەرهەمە لە هۆنراوەی شاعیری خوالێخۆشبوو جەمال شارباژێڕی و موزیك و دابەشكردنی ئارام تەهایە، چیرۆكی ئەم گۆرانییە باس لە دابڕانی دوو خۆشەویست دەكات كە هەرگیز ناتوانن بە یەكتر بگەن.
هونەرمەند پەیوەند جاف رایگەیاند، ئەو هۆنراوەیەی زۆر بەلاوە جوان بووە، بۆیە ویستویەتی بیكات بە گۆرانی، جگە لەوەش موزیسیانەكان توانیویانە كارێكی جوانی بكەن و لەڕووی وێنەگرتنیشەوە بەهەمانشێوە كارێكی باشی بۆ بكرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد، دوای ئەم گۆرانییەش، سەرقاڵی نوێكردنەوەی گۆرانی (لەنێو كیژانا)کەی هونەرمەندی گەورە مامۆستا مەزهەری خالقییە كە مامۆستا مەزهەر، رەزامەندی لەسەر وتنەوەی ئەو گۆرانییە بۆ داوە.
سەبارەت بەوەی پەیوەندی لەگەڵ هونەرمەندانی دیكە چۆنە بۆ كۆنسێرت و لایڤ موزیك، پەیوەند جاف وتی “وەك حەزی خۆم بۆ گۆرانی و مەقام، هەوڵم داوە لەهەموو بوارەكاندا كار بكەم، پەیوەندییەكی پتەویشم لەكەڵ هونەرمەندانی دیكە هەیە و پێمخۆشە كاری پێكەوەییمان هەبێت”.
پەیوەند جاف چیرۆكی بینینی خۆی و خوالێخۆشبوو شێخ عوسمانی بیارە گێڕایەوە كە ساڵی 1993 لە شاری ئەستەنبوڵی توركیا یەكترییان بینیوە و چەند هۆنراوەیەكی شێخ عوسمانی كردووە بە مەقام.
لەو رووەوە وتی “كە چوومە هەندەران نزیكەی سێ مانگ لە خانەقای خوالێخۆشبوو شێخ عوسمانی بیارە مامەوە، چونكە ئێمە تێكەڵی خزمایەتیمان هەیە، جەنابی شێخ دیوانەشیعرێکی هەبوو شەوێك دیوانەكەی پێ دام و حەزی كرد كارێكی لەسەر بكەم، هەندێك لە هۆنراوەكانیم كردە مەقام و ئەویش زۆری پێ خۆشبوو، جەنابیان لە تەنیشتم دانیشتبوو، فرمێسك بە چاویدا هاتە خوارەوە و، وتی لە ژیانمدا دوو كەس منیان گریاندووە، تۆ و ناسر رەزازی، ئەوە جێی خۆشحاڵیم بوو”.