گروپی خەم و خەندە کورتە فیلمی دەردی بێ ژنی بڵاودەکەنەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

گروپی خەم و خەندە پێکهاتووە لە چەند ئەکتەرێکی دیاری بواری نواندن و ڕۆژانە بە بەرهەمە هونەرییەکانیان سۆشیال میدیا پڕ دەکەن لە بینەر بۆ کورتە فیلمەکانیان، کە گوزارشت لە کێشە کۆمەڵایەتیەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردی دەکات.

نوێترین بەرهەمی ئەو گروپە هونەرییەش کورتە فیلمێکە بە ناوی “دەردی بێ ژنی”، کە لە نووسین و بیرۆکەی هونەرمەند “غەمگین هەولێری” و دەرهێنانی “ئەیوب خۆشناو” و وێنەگرتنی “ڕزگار خالید”ـە و مۆنتاژی” ‌چەتۆ ماجید”ـە و دوو ئەکتەری سەرەکیش ڕۆڵ لەو بەرهەمەدا دەبینن، کە ئەوانیش “کۆچەر شاکر و دادوەر کۆچەر”ـن و بەشێوەیەکی فراوان لە نێو سۆشیال میدیادا بڵاوبووەتەوە.
“غەمگین هەولێری” خاوەن بیرۆکەی ئەو کورته فیلمە، کە ئەزموونێکی بەرچاوی لە بواری نواندن دا هەیە و ساڵانێکی زۆرە بە کوردی و تورکمانی ڕۆڵ لە شانۆگەری و فیلمە کوردییەکاندا دەبینێت بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: “دەردی بێ ژنی” یەکێکە لەو بەرهەمە بەپێزانەی کە بەشێوەیەکی پڕۆفیشناڵ لەگەڵ گروپە هونەرییەکەماندا کارمان بۆی کردووه و تا ئێستاش ئەو گرفتە کۆمەڵایەتیە لە نێو کۆمەڵگەی کوردی دا بەردەوامە، تەنانەت کارەکتەری نێو ئەو فیلمە بە جۆرێک چووەتە نێو قوڵایی کارە هونەرییەکە هیچ کات هەست بەوە ناکرێت فیلمە، چونکە چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە و ئەکتەریش لە دوای بەکارهێنانی هەموو ڕێگەکان بۆ ڕزگاربوون لە بێ ژنی، پەنا دەباتە بەر دەرمانخانەیەک بۆ ئەوەی دکتۆر بگات بە هاواری و دەرمانی دەردی بێ ژنی بۆ بدۆزێتەوە.
گوتیشی: ئەو بەرهەمە بەشێکی بە کۆمێدیا باس لە گرفتەکە کراوە و بەشێکی دیکەی نیشاندانی چیرۆکێکی کۆمەڵایەتیە، کە لە نێو کۆمەڵگەی کوردی دا پیاوی بێوەمێرد و بەساڵاچوو تا ماڵێکی نوێ پێکدەهێنێت تووشی ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە، بەتایبەت ئەگەر هاتوو باری دارایی خراپ بێت، یان گرفتێکی تەندروستی هەبێت.