عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
هونەرمەند (یونس حەمەكاكە) لەو چەند ڕۆژەدا تووشی جەڵتەی مێشك بووبوو، ئێستا باری تەندروستیی تاڕادەیەك باشە، بەڵام پێویستی بە چاودێرییەکی زیاتری پزیشكی هەیە، لە ماڵەوە خەریكی وەرگرتنی چارەسەرە.
(یونس حەمەكاكە) لە لێدوانێكدا بۆ خوێنەرانی “هەولێر” هونەرمەند گوتی: “ماوەیەكە باری تەندروستیم ناجێگیرە، ئەوە بۆ دووەمین جارە من تووشی جەڵتە دەبم، دیارە هۆكارەكەی بەشێكی پەیوەندیی بە تەمەنەوە هەیە، بەشەكەی دیكەش پەیوەستە بە خەم و خەفەتی ڕۆژگارەوە.”
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا هونەرمەند دەربارەی وەرگرتنی چارەسەری پێویست گوتی: “لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی پزیشكەكان هەوڵی باشیان هەبوو بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستم بۆ بكەن، بۆ ماوەیەك لە نەخۆشخانە مامەوە؛ ئێستا لە ماڵەوەم و، بەردەوام چارەسەر وەردەگرم، بەڵام پزیشكەكان ئەوەیان پێ ڕاگەیاندم كە پێویستم بە چارەسەری بەردەوام هەیە، هەموو شتێكیش بە ویستی خوای گەورەیە، هیوام وایە دۆخی تەندروستیم بەرەو باشتر بچێت.”
دەربارەی ئاوڕدانەوەی لایەنی پەیوەندیدار، هونەرمەند (یونس حەمەكاكە) گوتی: “من داوام لە كەس نەكردووە، چونكە ئەوە لە سروشتی مندا نیە، بەڵام من بەو تەمەنەوە نە دەتوانم كاری هونەری بکەم نە داهاتێكی بەردەوام و باشم هەیە؛ مووچەیەكی خانەنشینییە و بەس؛ جەماوەر و هونەردۆستان و هونەرمەندان پەیوەندی زۆریان پێوە كردوم، هەرهەموویان هەڵوێستی جوانیان هەبووە، كە ئەوەیان بۆ من گەورەترین سەرمایە، سپاسیان دەكەم.”
جێگەی ئاماژەیە هونەرمەند (یونس حەمەكاكە) لەدایكبووی ساڵی 1964 گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانییە، لە ناوەڕاستی هەشتاكانەوە دەستی بە كاری هونەری كردووە، بەشداری كارای لە چەندین شانۆ و درامدا هەبووە؛ دوایین كاریشی لە زنجیرەدرامای (كۆشكی هەنار) بووە کە ساڵی 2023 بەرهەم هاتووە.