بەشی دووەمی ئادیابین ئامادەی پەخشەکردنە

شیڤان شێر

دوای پەخشکردنی ٣٠ ئەڵقە لە درامای مێژوویی “ئادیابین”ـدا، کە بەرهەمی کەناڵی ئاسمانی کوردستانە و لە مانگی ڕەمەزانی پار ساڵدا بە فۆرمێکی نوێ لە مێژووی درامای کوردی دا پەخشکرا.

“هەولێر” زانیوویەتی ئێستا بەشی دووەمی ئەو زنجیرە درامایە ئامادەیە و تەواوی کارە تەکنیکی و هونەرییەکانی کۆتایی هاتووە و لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا بەشی دووەمی ئەو درامایە لە کوردستان تیڤی جارێکی تر پەخش دەکرێت.
“حەسەن عەلی خان” دەرهێنەری دراماکە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند؛ دوای ٣ مانگ لە پەخشکردنی بەشی یەکەمی دراماکە، ئامادەکاریمان کرد بۆ تەواوکردنی بەشی دووەمی “ئادیابین”، کە گێڕانەوەی چەندین چیرۆک و کارەساتی مێژووییە لە سەدەی ڕابردوو ڕوویانداوە و بەشێوەیەکی ڕێکوپێک کۆکراونەتەوە و بوونەتە خامەی ئەو بەرهەمە درامییەی، کە کەم کەس هەیە بتوانێت خۆی لە کارێکی سەختی وا بدات، ئێمە بە بەرزترین کوالێتی کارمان بۆ وێنەگرتنی دیمەنەکانی دراماکە و گەیاندنی ئەو هەمووە چیرۆکە نەخوازراوە کردووه، کە بەسەر میللەتەکەمان داهاتووە و لە ئایندەشدا ئەو بەرهەمە وەک دیکۆمێنتێکی بەنرخ لە مێژووی هاوچەرخدا نیشانی گەلانی دنیا دەدرێت و ئاشنایان دەکەین بەو هەمووە کارەساتە دڵڕەقانەی بەسەر گەلی کورد داهاتوون.
گوتیشی: دەمانەوێت لە ڕێگەی دیمەنەکانی ئەو درامایە کارەسات و کۆمەڵکوژییەکانی گەلی کورد بیری نەوەکانمان بێنینەوە و ئاشنابن بە ئازاری نەتەوەکەمان، کە مێژووەکەی پڕە لە قوربانیدان تا گەیشتوون بە ئازادی و بونیادنانی هەرێمێکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی وڵاتێک، کە هەمیشە کاریان لەسەر سڕینەوەی ناسنامەی کوردبوونمان کردووە، بۆیە دەمەوێت بینەری کورد لە شەوانی ڕەمەزاندا ئەوەی نەیبیستووە یان نەیبینیووه لەم درامایەدا ڕاستیەکانی مێژووی گەلی کورد ببینێت و لەوە تێبگات چ قوربانیەک بۆ ئەو ئازادییەی ئەمڕۆ دراوە.

زاد – هەولێر