شیڤان شێرزاد – هەولێر
ڕێبوار محەمەد لە ئەزموونێکی نوێی بواری سینەمادا سیناریۆ و دەرهێنانی بۆ فیلمی “خۆری ناو سێبەر” کرد و لە ڕۆژانی ڕابردووشدا لە نێو ئاپۆرای جەماوەردا نمایش کرا.
“خۆری ناو سێبەر”، بیست و سێهەمین بەرهەمی گروپی هونەری خێزان بە پاڵپشتی كۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت بەرهەم هاتووە، 90 خولەك ماوەی فیلمەكەیەو لە شاری سلێمانی كاری وێنەگرتنی ئەنجامدراوە، لەم كارە هونەرییەدا 40 ئەكتەر بەشدارییان كردووەو ژمارەیك هونەرمەندی بە ئەزموون تێیدا بەشدارن، كە ئەوانیش پێكهاتوون لە حیكمەت هیندی- بەیان زەریفێ-دایكی ئاریان-ڕێبوار محەمەد-ئارەزوو كاكە برا و چەند ئەكتەرێكی دیكە لە فیلمەكەدا ڕۆڵیان هەیە.
ناوەڕۆكی ئەم فیلمە باس لە ڕۆژگارە سەختەكانی تووشبوانی شێرپەنجە دەكات، كە بە هەزاران كەس لەگەڵ ئەو نەخۆشییە دەجەنگن و ڕووبەڕووی ئازار و سەختییەكان دەبنەوە.
لەمبارەیەوە “ڕێبوار محەمەد” دەرهێنەری ئەم فیلمە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: ناوەڕۆکی ئەم فیلمە باس لە چەند چیرۆك و بەسەرهاتی توشبووان بە نەخۆشی شێرپەنجە دەکات، کە هەزاران چیرۆك لەپشت ئەو نەخۆشیەوە هەیە، کە بە ئازارەوە دەناڵێنن بەداخەوە نەخۆشی شێرپەنجە بووە بە دیاردە لە ناو کۆمەڵگەکەمان.
ئەم فیلمە باس لە دڵسۆزی و بەهاناوەچوونی پزیشك و کارمەندانی نەخۆشخانەكان بۆ تووشبوانی شێرپەنجە دەكات،هەروەها لە نێو ئەم فیلمەدا چەند پەیامێك هەیە كە هوشیاری و ڕێنمایی گرنگە بۆ خەڵكی تاوەكو لە هەندێك حاڵەتدا لە ڕێی پشكنینی پێشوەختەوە زووتر ڕێگە لەم نەخۆشییە بگیرێت، سوپاس بۆ ئیدارەی نەخۆشخانەی هیوا و سەنتەری ژیانەوە، کە هاوکارمان بوون بە ئەنجامدانی ئەم بەرهەمە، ئامانجمان گەیاندنی هوشیاری خەڵکی و گەیاندنی پەیامی جوانە لە ڕێگەی فیلمەکانمان بۆ کۆمەڵگەی کوردی.