محمد لادێ – ههولێر
(خۆری ناو سێبەر) ٢٣هەمین بەرهەمی گروپی هونەری خێزانە کە باس لە ژیانی تووشیارانی شێرپەنجە دەکات و بڕیارە لە ڕۆژی جیهانیی شێرپەنجەدا کە دەکاتە ٤ـی مانگی شوبات لەژێر ناونیشانی “خەمی هیوا خەمی هەموومانە” لە سلێمانی نمایش بکرێت.
نووسینی سیناریۆ و دەرهێنانی فیلمی خۆری ناو سێبەر، ڕێبوار محەمەد کردوویەتی؛ کامێراوانی و مۆنتاژەکەی، باوەڕ ڕەفیق پێی هەڵساوە؛ کۆمەڵگا پەروەردەییەکەی (مارگرێت)ـیش خەرجی بەرهەمهێنانەکەی کێشاوە.
چیرۆكی فیلمەكە باس لە بەسەرهاتی تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە دەكات كە خاوەن دەیان چیرۆكی ئازاراوی و خەمناکن، بەڵام لە هەمانكاتدا بوێر و
بەورەن. جگە لەمەش بە گشتی باس لەم نەخۆشییە كوشندەیە دەكات و هۆشیاری بە كۆمەڵ دەدات. هاوکات، باس لە هەوڵ و دڵسۆزیی پزیشك و کارمەندانی تەندروستیی بەرامبەر تووشبوانی ئەم نەخۆشیە دەکات.
ماوەی فیلمەكە ٩٠ خولەکە و لە ناو شاری سلێمانی كاری وێنەگرتنی بۆ كراوە، نزیكەی ٤٠ ئەكتەر بەشدارییان تێدا كردووە، کە زۆریەنەیان ئەکتەرە دیارەکانی شاری سلێمانین؛ لەو هونەرمەندانە: حیكمەت هندی، بەیان زەریفی، دایكی ئاریان، رێبوار محەمەد، ئارەزوو كاكەبرا و كۆمەڵێك ئەكتەری توانای دیكە.
بڕیارە فیلمەکە لە کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ٤ـی شوباتی ٢٠٢٥، لە هۆڵی سینەما سالم، بێ بەرانبەر نمایش بکرێت.