فیلمی زارێ لە کەرکوک نمایشکرا

شیڤان شێرزاد – هەولێر

رێکخراوی زارێ، لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک کورتە فیلمی “زارێ”، کە لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەندی فیلمساز “سیروان محەممەد” و نواندنی هەریەک لە “قادر جەلال، کاوان کەریم، ڕۆژان حەمە جەزا”ـە لە سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکوک بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرس و ئەدیب و هونەرمەندانی ئەو شارە نمایشکرد.

“سیروان محەممەد” دەرهێنەری فیلمەکە لە ئاخاوتنێکیدا ڕایدەگەیەنێت: کورتە فیلمی زارێ، چیرۆکێکی هەستیار و هەستبزوێنە، گوزارشت لە کاریگەری و مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر لەسەر تاک و خێزان و کۆمەڵگە دەکات و دەبێتە هۆکارێک بۆ لە ناوچوونی کەسایەتی تاکی ئەو وڵاتە و چەندین گرفتی کۆمەڵایەتی وەک جیابوونەوە و پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و تاوانی دیکە دروست دەکات، بۆیە هەریەک لە هونەرمەندان “قادر جەلال، کاوان کەریم، رۆژان حەمە جەزا” وەک کارەکتەری سەرەکی نێو کورتە فیلمی “زارێ” بەشداربوون لەم پڕۆژە هونەرییە گرنگە و لەگەڵ ئەوانیشدا چەندین ئەکتەری دیکە بە نواندن بەشداریان لەم فیلمەدا کرد، کە دەبێتە ڕێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی ئاڵوودەبووان بە ماددە هۆشبەرەکان لە نێو کۆمەڵگەی کوردی و جیهاندا، چونکە ئێستا ئەو دیاردەیە ڕوو لە زیادبوونە و داتاکانیش پێمان دەڵێن خەریکە دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار.