شیڤان شێرزاد – هەولێر
تیپی نواندنی کەرکوک لە وەرزێکی نوێی شانۆ و دراماتیکدا، بەبۆنەی ڕۆژی شانۆی عەرەبی، مۆنۆدرامای “نوکتەچی”، کە لە نووسینی نووسەری عەرەب “عەلی عەبدولنەبی زەیدی” و نواندن و دەرهێنانی “مەریوان عەبدولڕەحیم”ـە لە ١٣ و ١٤ـی ئەم مانگە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کەرکوک نمایش دەکات.
دەقی ئەو نمایشە شانۆییە، کۆمێدیا و تراژیدیا و ڕەخنە و توانجی بونیادنەر لەخۆوە دەگرێت و دەرهێنەر بە سەلیقەی جوانی خۆی
دەیەوێت شاکارێک لە مێژووی کارەکانی خۆیدا نمایش بکات.”نەژاد نەجم” شانۆکار و ئەندامی گرووپی هەوار بۆ شانۆ، کە سینۆگرافیای ئەو بەرهەمە شانۆییەی ئامادە کردووە دەڵێت: تیپی هونەری کەرکوک هەمیشە وەک تیپێکی زیندوو لە بواری شانۆدا بەردەوامە و لەم وەرزە نوێیەشدا کار بۆ بەرهەمێکی نوێ دەکات، کە دەبێتە جێی سەرنجی هەموو ئامادەبووانی ئەم کارە شانۆییە، بەتایبەت، کە دەبینم مامۆستای هونەرمەند “مەریوان عەبدولڕەحیم” هەم وەک دەرهێنەر و هەم وەک ئەکتەر دێتەوە سەر تەختی شانۆ دڵنیام لەوەی شاکارێکی مێژوویی بە ئەزموونی خۆی پێشکەشی کەرکوکیەکان و هونەری شانۆ دەکات.