عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
چواردەیەمین پێشانگای شێوەكارانی سلێمانی بۆ 80 هونەرمەند كرایەوە كە تابلۆی هەریەكەیان باسی لە لایەنێكی ژیان دەكرد و هونەرمەندانیش بە گرنگییەوە باس لە كردنەوەی ئەو پێشانگایە دەكەن.
پاشنیوەڕۆی رۆژی یەكشەممە 5ی1ی2024، لقی سلێمانیی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان، چواردەیەمین پێشانگای شێوەكاری بۆ 80 هونەرمەندی شاری سلێمانی لە هۆڵی مۆزەخانەی ئەمنە سوورەكە كردەوە كە چەند رۆژێك دەخایەنێت و تابلۆكانیش بەپێی گوزارشتی هونەرمەندەكان دروست كراون.
د. رۆژگار كەمال، هونەرمەندی شێوەكار و بەرپرسی لقی سلێمانیی سەندیكای هونەرمەندان بە (هەولێر)ی راگەیاند، كاری شێوەكاران لەم پێشانگایەدا جیاوازە هەر لە سیرامیك و نیگاركێشان و گرافیك، هەروەها لەبەرئەوەی سەندیكا ژمارەیەكی زۆر ئەندامی هەیە و سلێمانیش پایتەختی رۆشنبیرییە و زۆرترین هونەرمەندی تێدایە، بۆیە ئەو ژمارە زۆرەی هونەرمەندان بەشدارییان كردووە.
د. رۆژگار وتی “لەم پێشانگایەدا وامان كردووە ئازادییەكی تەواو بە هونەرمەندان دراوە بۆ دروستكردنی بەرهەمەكانیان كە گوزارشت لە خواستەكانیان بكات، هەر لە واقیعی و ئەبستراكت و شێوازەكانی دیكەش، وەكو كارەكانیش ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو باشترن و دۆخی كوردستان كاریگەری لەسەر هونەرمەندان هەبووە”.
سەبارەت بە فرۆشی تابلۆكان، بەرپرسی لقی سلێمانیی سەندیكای هونەرمەندان دەڵێت “هونەرمەندان رەچاوی دۆخی ئابوری خەڵك دەكەن، بەڵام بە گشتی فرۆشی تابلۆ باش نییە، چونكە دۆخی دارایی خەڵك باش نییە و تابلۆی دەرەوەش دەهێنرێن و بە نرخێكی هەرزانتر دەفرۆشرێن كە ئەوە كاریگەری لەسەر تابلۆی خۆماڵی دروست كردووە”.
هونەرمەندانی بەشداربوو بە گرنگییەوە باس لە كردنەوەی ئەم پێشانگایە لە بەرەوپێشچوونی رەوتی هونەر دەكەن؛ بەختیار عەلی كە بە تابلۆیەكی خۆشەویستی بەشداری كردووە روونی كردەوە، بەشداریكردنی ئەو ژمارە زۆرە لە هونەرمەندان كارێكی زۆر باشە و دەریدەخات كە هونەرمەندان تموحیان خزمەتكردنی هونەری شێوەكارییە، هەروەها بۆیە ئەو تابلۆیەی كێشاوە، خۆشەویستی لەنێوان دوو رەگەزی جیاوازدا بۆ بەردەوامی ژیان زۆر پێویستە.
بەختیار دەڵێت “كارەكانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر باشترن، چونكە هونەرمەندان ئەكادیمین و ئەزموونێكی زۆر باش و دەوڵەمەندیان هەیە”.
هونەرمەندی توانای پەیكەرساز چێنەر نزار رایگەیاند، كردنەوەی ئەم پێشانگایانە هەنگاوێكی دیكەی گرنگە لە بەرەوپێشچوونی رەوتی هونەر لە كوردستان و بەتایبەتیش لە سلێمانی، چونكە ساڵانە هونەرمەندان بەرهەمەكانیان بە تازەگەری نوێوە پێشكەشی بینەر دەكەن، بۆیە هیوادارن ئەم پێشانگایانە بەردەوام بن تا بتوانرێت گەشەی زیاتر بە توانای هونەرمەندان بدرێت.