رۆژی پێنجشەممە چلەی ماتەمینی هونەرمەند زایەر عەبدوڵڵا بەڕێوە دەچێت

وا بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 9ی 1ی 2025، مەراسیمی چلەی هونەرمەندی توانای كورد زایەر عەبدوڵا لە هۆڵی پێشەوا لە شاری هەولێر بەڕێوە بچێت.

هونەرمەندی ناسراوی كورد مامۆستا زایەر عەبدوڵا، یەكێك بوو لە هونەرمەندە تواناكانی كوردستان كە لەدایكبووی شاری هەولێرە و زیاتر لە 50 ساڵ لە بواری نواندندا كاری دەكرد، زایەر عەبدوڵا لە تەمەنی 66 ساڵان و لە رێکەوتی 23ی 11ی2024 دوای ململانێیەكی سەخت لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایی كرد.
لاوین زایەر عەبدوڵا، كوڕی هونەرمەندی كۆچكردوو بە هەولێری راگەیاند، ئامادەكاری تەواویان كردووە بۆ ئەوەی پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 9ی1ی2024، چلەی هونەرمەند زایەر عەبدوڵا لە هۆڵی پێشەوا لە باڵەخانەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە شاری هەولێر بەڕێوە بچێت كە سەندیكای هونەرمەندان و پارێزگای هەولێر مەراسیمەكە بەڕێوە دەبەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد، لەو مەراسیمەدا فیلمێكی دۆکیۆمێنتاری لەلایەن ناوەندی هونەری زەنێ ئامادەكراوە لەسەر كار و بەرهەم و ژیانی زایەر عەبدوڵا، جگە لەوەش چەندین چالاكی دیكە بۆ بەرز راگرتنی كارە هونەرییەكانی ئەنجام دەدرێت.
لاوین وتی “دەبوو پێش سەری ساڵ مەراسیمەكە ساز بكرێت، بەڵام بەهۆی بۆنەكانی سەری ساڵەوە پێمان باش بوو بكەوێتە پاش سەری ساڵ، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە هونەرمەندانی شارەكانی كوردستان لە مەراسیمەكە ئامادە بن، چونكە زایەر عەبدوڵا هونەرمەندی هەمووان بووە و كاری لە هەموو شارەكان هەبوو”.
بە وتەی لاوین، لە مەراسیمەكەدا ئەوان پەیامێكی نوێی تەبایی هونەرمەندان بە هەموو لایەك رادەگەیەنن، چونكە زایەر عەبدوڵا خۆشەویستی هەموو هونەرمەندان بوو.