هونەرمەند پەیوەند جاف دوو بەرهەمی ئامادەیە كە یەكێكیان بەرهەمێكی هونەرمەندی ناسراو و بەناوبانگی كورد مامۆستا مەزهەری خالقییە نوێی دەكاتەوە.
هونەرمەند پەیوەند جاف ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە هاتۆتە بواری هونەری كوردییەوە و یەكێكە لە هونەرمەندە ناسراوەكان كە گوێگری تایبەتی خۆی هەیە، پەیوەند جاف، تائێستاش لە بڵاوكردنەوەی بەرهەمی نوێ دانەبڕاوە و ساڵانە بەرهەمێكی تایبەت بە خۆی بڵاودەكاتەوە.
پەیوەند جاف لە لێدوانێكدا بۆ هەولێر رایگەیاند، ئێستا بەرهەمی نوێی بەناوی (پەری) تەواو بووە و لەداهاتووشدا بەرهەمێكی مامۆستا مەزهەری خالقی نوێ دەكاتەوە.
هەولێر: زۆركات كە میدیاكاران هونەرمەندان دەبینن، راستەوخۆ پرسیاری بەرهەمی نوێیان لێدەكەن، با بزانین بەرهەمی نوێتان چی بەدەستەوەیە؟
پەیوەند جاف: بەرهەمێكی نوێم ئامادەیە بەناوی (پەری) كە لەسەر مەقامی هەمایۆنە، هۆنراوەی خوالێخۆشبوو مامۆستا جەمال شارباژێرییە، ئارام تەها ئاوازی بۆ داناوە و تەنها سۆڵۆیەكی كاك رێبازی پێویستە، ئەو بەرهەمە بڕیار فەتاح كاری كلیپی بۆ كردووە.
دوای ئەوەش بەرهەمێكی دیكەم ئامادەیە گۆرانی (لەنێو كیژانا) كە گۆرانییەكی ناسراوی هونەرمەند مامۆستا مەزهەر خالقییە و لەڕێگەی كاك عەبدولڕەحمان بێلاف، راوێژكاری مامۆستاوە رێككەوتووین نوێی بكەمەوە، بە دەنگی خۆم وتوومە، موزیسیان كاك موكریان لە سوید ئامادەی كردۆتەوە و كاوە شێخ ئیشی میكسی بۆ كردووە.
هەولێر: بۆ نوێكردنەوەی ئەو گۆرانییە، قسەت لەگەڵ مامۆستا مەزهەر كردووە؟
پەیوەند جاف: خۆم لەنزیكەوە قسەم لەگەڵ بەڕێزیان نەكردووە، بەڵام وەك دەزانن بۆ هەموو گۆرانییەك پێویستە رەزامەندی لە خاوەنی بەرهەمەكە وەربگریت، بەخۆشحاڵییەوە مامۆستا پێی باشبووە گۆرانییەكە نوێبكەمەوە و تەنها داوای ئەوە بووە دەستكاری تێكستی گۆرانییەكە نەكەم.
هەولێر: ماوەیەكی زۆرە كۆنسێرتت نەكردووە، بەنیاز نیت كۆنسێرت بكەیت؟
پەیوەند جاف: لەڕاستیدا ئێستا زەمینەی كۆنسێرت گونجاو نییە، چونكە دەبێت كاتێك كۆنسێرت بكەیت كە خەڵك دڵی خۆش بێت، بەڵام هەموو لایەك دەزانین ئێستا دۆخەكە چۆنە، با بزانین بۆ داهاتوو دۆخەكە چۆن دەبێت، ئەو كاتە بیر لە كۆنسێرت دەكەینەوە.
هەولێر: قسەیەك هەیە كە هونەرمەند نابێت زۆر تێكەڵاوی خەڵك ببێت، بەڵام دەبینین تۆ زۆرجار لەناو خەڵكدایت، چۆنە تۆ بەو شێوەیەی؟
پەیوەند جاف: هەمیشە لەناو خەڵكدا بووم و هەمیشەش بەم شێوەیە دەبم، چونكە ئیشی هونەری شتێكە و كەسایەتی خۆیشمان شتێكی دیكەیە، پێویست ناكات كە هونەرمەند بم، ئیتر لە خەڵك دوور بكەمەوە، من وای نابینم.