محمد لادێ – ههولێر
چیرۆکەفیلمی زەوی سەخت و ئاسمان دوور فیلمێکی درامی چیرۆکاوی سینەماییە کە ئێستاکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و پڕۆسەی وێنەگرتنیشی کۆتایی هاتووە.
“زەوی سەخت و ئاسمان دوور” درامێکی کۆمەڵایەتییە و چیرۆکی فیلمەکە هەوڵ دەدات وێنەی تێکشکاوی مرۆڤی دوای جەنگ پیشان بدات.
هەوراز محەمەد دەرهێنەری فیلمەکە، سینارێۆی فیلمەکەی بە هاوبەشی لەگەڵ مەنسوور تەیفووریدا نووسیوە. دەرهێنەری فیلمەکە باسی لەوە کرد کە فیلمەکە ناوەرۆکێکی درامایی و کۆمەڵایەتیی هەیە، لەو جۆرە فیلمانەیە کە لە فۆرمدا شیعرییە، لە ناوەرۆکیشدا ریالیزمی جادووییە.
دەربارەی دەستەی بەرهەمهێنانی فیلمەکەوە، هەوراز ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم کارە بە بەشداری دەستەیەک لە فیلمسازانی کورد لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان دروست دەکرێت، ئەکتەرانی سەرەکی فیلمەکە پێک دێن لە هونەرمەندان (بەختیار پەنجەیی، مریەم بووبانی، ئەژدەر سازگار، دیمەن زەندی) و چەندین ئەکتەری دیکە کە زۆرینەیان خۆبەخشانە لە فیلمەکەدا کاریان کردووە.
“زەوی سەخت و ئاسمان دوور” ئیدیۆمێکی کوردییە و گوزارشت لە دۆخێکی ناهەموار و پڕ تەنگژە دەکات، بەجۆرێک ئەوەی بەردەستە سەخت و ئەستەمە و هیوابەخش نییە؛ هەرچی هیواشە دوررە و بە ئاسانی بە دەست ناگات. هەروەها ناوی دیوانێکی شیعریی مارف ئاغایی، شاعیری کۆچکردووی کوردە. هەوراز محەممەد دەڵێت، ناوی بەرهەمەکە جگە لەوەی دەرهاویشتەی ناوەرۆکی سیناریۆی فیلمەکەیە، لە ژێر کاریگەریی ناونیشانی دیوانە شیعرییەکە ئامادە کراوە.
دەرهێنەری فیلمەکە باسی لەوەش کرد کە بیرۆکەی فیلمەکە بۆ پێش ١٠ ساڵ دەگەڕێتەوە و زۆر بە وردی کار لەسەر سیناریۆیەکەی کراوە. وێنەگرتنی فیلمەکەش لە مانگی دوانزەی ساڵی ٢٠٢٤ دەستی پێکردووە و چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە کۆتا گەیشت و بە تەواوبوونیشی لە سینەماکانی کوردستان نماییش دەکرێت و بڕیاریشە بۆ ڤیستیڤاڵە سینەماییە نێودەوڵەتییەکان بنێردرێت.