لە شاری سلێمانی پەردە لەسەر پەیكەری هونەرمەندی گەورەی كۆچكردوو مامۆستا حەسەن لا درا و هونەرمەندانیش بە بایەخەوە لەو پەیكەرە دەڕوانن.
هەفتەی ڕابردوو لە رێوڕەسمێكدا لە ماڵی سۆفی كەریم سەراج، دەزگای رۆشنبیری كەریمی ئەلەكە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك هونەرمەند و كەسایەتی، پەردەیان لەسەر پەیكەری هونەرمەندی گەورەی كۆچكردوو مامۆستا حەسەن زیرەك لا دا، ئەو پەیكەرە لەسەر ئەركی د. تەها رەسووڵ دروست كراوە و هونەرمەند چێنەر نزاریش دروستی كردووە.
ماڵی سۆفی كەریم، دەكەوێتە نێوان شەقامی سابوونكەران و شەقامی پیرەمێردی شاری سلێمانی و شوێنێكی كولتووری و كەلەپوورییە، پێشتر پەیكەری هونەرمەند حەسەن زیرەكی لێ دانرابوو.
هونەرمەند چێنەر نزار بە (هەولێر)ـی راگەیاند “پێشتر پەیكەرێك لەم ماڵەدا هەبوو كە چیرۆكێكی ناخۆشی بۆ من هەبوو، چونكە سەرەتا پەیكەرێك كرا و پاشان پەیكەرەكە خراپ بووبوو، بەڵام دواتر بڕیار درا من دروستی بكەمەوە، دوو هاوڕێی ئازیز بیرۆكەكەیان بە د. تەها رەسووڵ دابوو ئەویش قبووڵی كرد و بە هەموومان دروستمان كردەوە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە، ئەمڕۆ هەست بە دڵخۆشییەكی زۆر دەكات بۆ تەواوكردنی ئەم پڕۆژەیە، چونكە دەبێت لە هەموو كوردستان پەیكەری مامۆستا حەسەن زیرەك هەبێت، چونكە زیرەك ئەفسانەی هونەری كوردییە.
هەروەها هونەرمەند ئیحسان زیرەك كە لە منداڵییەوە هۆگری گۆرانییەكانی زیرەكە و خۆی بە دەروێشی حەسەن زیرەك دەزانێت، رایگەیاند: “دروستكردنەوەی ئەم پەیكەرە، كارێكی جوان و جێی دەستخۆشییە و نیشانەی بەردەوامی هونەری بەرزی مامۆستا زیرەكە كە هەتا ئێستاش بەرهەمەكانی لە گوێماندا زیندوون، گۆرانییەكانی رەنگدانەوەی لەناو كۆمەڵگەی كوردی چاندووە و هەموو كات و سەردەمێك بەرهەمەكانی نەمرن”.