ئەمڕۆ کۆنسێرتی دوا هەناسەی پایز لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر ساز دەکرێت

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر ١١ـی پێش نیوەڕۆ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەیمانگاکان و مەشقکردن سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هۆڵی شانۆیی “فەرهاد شەریف” لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر بەشی میوزیک بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەند و بەرپرسانی حکومەت و مامۆستایان کۆنسێرتێکی هونەری بەناونیشانی “دوا هەناسەکانی پایز” بە سپۆنسەری کەناڵی ئاسمانی کوردستان TV و بە سەرپەرشتی گشی “زیرەک حەمەدەمین” بەڕێوەبەری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر ساز بکرێت.

کۆنسێرتەکە چەپێک لە گۆرانیە فۆلکلۆریی و بەشێک لە بەرهەمە هونەرییەکانی هونەرمەندانی گەنج لەخۆوە دەگرێت، کە ماوەیەکە سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنان بۆ سازدانی ئەو کۆنسێرتە هونەریی و میوزیکیە، کە ئاسۆیەکە بۆ پێگەیاندنی دەستەیەک لە بەهرەمەندانی بواری میوزیک و گۆرانی و دەرخستنی توانا شاراوەکانە لەسەر ستەیج.