کۆنسێرتی نوێی گرووپی موزیکی رەسەن

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

لەدەسپێکی کارەکانیدا بەدرێژایی ٢٦ ساڵ، گروپی موزیکی (رەسەن) لەناو کوردستان و وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی لەمانەش (فەرەنسا، ئەڵمانیا، سکۆتلەندا، جۆرجیا، تورکیا، مەغریب،
لوبنان، ئیمارات) بەشدارییەکی کاریگەرانەی هەبووە و هەمیشە بووەتە جێی بایەخی ئامادەبووان، ئەمەش ئەوە دەردەخات ئەم گرووپە بە بەردەوامی بە دوای ناسنامەی رەسەنایەتی بوونی خۆی دەگەڕێت، ئەمجارەشیان بە کۆمەڵێک هونەرمەندی موزیکژەنی گەنج بەرابەرایەتی هونەرمەند (شێرزاد سەرسپی) دێنەوە مەیدان و لە کۆنسێرتێکی نوێدا بە درووشمی (هونەر بەر لە هەموو شتێک دەبێت بۆ نەتەوەبێت)، لەم کۆنسێرتەدا سیمای رەنگ و دەنگی هەر چوار پارچەی کوردستان دەبینرێت، کە کچان و کوڕان چۆن بەدەنگە زوڵاڵەکانیان بەلاوک و بەستەی کوردانە تێدەچریکێنن، ئەمەش پیرۆزی و بەردەوامی گروپی موزیکی رەسەن و خەمخۆریی هونەرمەند “شێرزاد سەرسپی” و ئەندامانی گروپ دەسەلمێنی.