چوارشەممە, كانونی یه‌كه‌م 4, 2024

ڕەنگدانەوەی مۆڕکی نەتەوەیی لە موزیکی کوردیدا

 

ئامانج غازی

کەلەپووری گۆرانی کوردی و موزیكی هاوچەرخی کوردی رووی یەک ئاوێنە و لە ناوەڕۆکیشدا خاوەنی یەک شێوەی دەربڕینن لە کارلێکی موزیكی لە نێوان ڕەسەنێتی گۆرانی و موزیكی هاوچەرخدا، خستنەکاری موزیكی ئەم كه‌له‌پووره‌ وەک بینایەک لە شێوەی دانانی ئاوازی گۆرانی کوردی كه‌ دیاردەیەکی موزیکییە بوێرانەیە و لەلایەن هەندێک لە هەرە بەناوبانگترین هونه‌رمه‌ندان و موزیسیانانی موزیکی پێشکەش دەکرێت. ئەم کەلەپووری گۆرانییەشایانی ئەوە بووە، خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبەتی بۆ بكرێ بە تاوتوێکردنی توخمەکانی ئەم ئاڕاستە موزیکییە و سیماکانی و کاریگەری لە سەر هەموو مامەڵە هونەرییەکانی ئەم گۆرانییانە بە تایبەتی و گۆرانی چڕینی کوردی بە پێوەری گەورەتر بە گشتیی بۆ ئه‌وه‌ی بە تۆکمەییەوە بچێتە ژێر باری باس و لێکۆڵینەوەوە .
بۆ هەموو ئەوەی باسمانکرد دەبینین كه‌له‌پووری جەماوەری تاکە گەنجینەی کورد بووه‌ دەستی بۆ نەبردراوە، داگیركه‌ر و ڕکابەرەکان نەیانتوانیوە ئەو بنکە گرنگه‌ خاپوور وتێک بدەن،هەرچەندە ئەو ڕکابەرانە توانیان کورد لە سەر هەندێ لە ناوچە زۆرو زەوەندەکانییاندا له‌ یه‌كتریان دوور بخه‌نه‌وه‌، بۆیە کورد نەیتوانی وەکو پێویست لە ئەنجامی ئەو پەرتەوازییە، زۆرینەی کەلەپووری خۆی بپارێزێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم کەلەپوورە تاکە بابەت بوو کە کورد بەم شێوەیە گەشەی پێدا کە ویستی بوو،هەروەها توانی بەشێکیشی بە دروستی دۆکیومێنت بکات، بۆیە بە زیندووی لە هزرو ویژدانی کورددا ماوەیەوە و داگیرکەران نەیانتوانی دووریان بکەنەوە لێی و زەفەرییان پێ ببەن. بەڵام لە لایەکی ترەوە كورد بە ورە و ڕووییەکی ڕۆحییەوە وەک یەکەیەکی پێکەوەیی مایەوە و ئەم یەکەیه‌ یارمەتیدەرێکی گه‌وره‌ بوو بۆ پاراستنی ڕەسەنێتی خۆیان له‌ ڕكابه‌ر و داگیركه‌ران .
بۆیە دەبێت گەڕانەوە بۆ کەلەپوور، وەک گەڕانەوەیەکی به‌ئاگاو چاو كراوه‌ییه‌وه‌ بێت و ئەم کەلەپوورە به‌ شارستانیەتی سەردەمەوە و له‌ چێژێکی هونەریدا پێکەوە ئاوێته‌ ئاسا کۆمانبكاته‌وه‌. کەواتە کەلەپوور خۆی لە خۆیدا بوونی نییە، بەڵکو خوێندنەوەی ئێمەیە بۆی، هەڵوێستی ئێمە بەرامبەری و خستنەکاری ئێمەیه‌ بۆی له‌ نێو بۆته‌ی كارێكی هاوچه‌رخدا.
کەواتە دەبێت کارلێکێکی هونەری لە نێوان دوو واتا لە کەلەپووردا هەبێت،وەک ڕاستییەکی مێژوویی هێما و بایەخێکی هونەری هاوچەرخ ببیندرێت، ئەو واتا هونەرییە بەکار هاتووە بۆ دروستکردنی پرۆسەی داهێنەری کارەکانی ئەو بابەتەن.
ڕەگداکوتانی موزیكی کوردی لە ڕه‌سه‌نایه‌تی كه‌له‌پووردا بەو توانا هونەریەی هه‌یانبووه‌ و کردوویانە لە پێکهاتە موزیكییه‌كانیان لە سەر بنەمای کەلەپووری موزیکی خۆیان،جۆرێک له‌ ئاوێته‌ كردنی جۆرییان لەنێوان بابەتی هونەری و کەرەستەی کەلەپووری دروست کردووە، بۆ ئەوەی بە چەند پێکهاتەیەکی تۆكمه‌ و توانای هونەرییەوە پێشکەشمان بکەن، کە توانای دەربڕینی فەلسەفەی هونەرییان هەبێت.
ئەم کارە هەوڵدانیشه‌ بۆ پاراستنی پاشماوەی شوێنەوار و کەلەپووری خۆی و کارکردنیشە لە سەر هەموو ئەو بابەتانەی کە مەترسی بۆ گەڕاندنەوەی لاببات و بیگەڕێنێتەوە و بیخاته‌ سەر پێ و گەشە و برەوی پێ بدات و بە باشترین شێوەش ئامادە و دابەشکردن و کاری موزیکی بۆ بکات.