ئەمرۆ سێشەممە 2024.12.3، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى زەعیم عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و ئاری نانەکەلی بەرپرسی لقی16ی پارتی و فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژمارەیەکى تر لە هونەرمەند و نووسەر و شاعیر و ڕۆژنامەنووسان و کەس و کار و خانەوادەکەى، لە ڕێورەسمێکدا کە لەلایەن کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی _ مەڵبەندی گشتی هەولێر، بە هەماهەنگی پارێزگای هەولێر ڕێکخرابوو، خەڵاتى زێڕین پێشکەش بە هونەرمەندى دێرین و خاوەن ئەزموون و بەخششى بوارى مەنەلۆج و شانۆ و دراماى کوردى ( سابیر عەبدولڕەحمان ) کرا.
لە ڕێورەسەمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، لەوتارێکدا مێژوو و ڕۆڵ و کاریگەرى هونەرمەندى، لە نێوەندی هونەرى مەنەلۆج و شانۆ و دراماى کوردی بەرز نرخاند، هەروەها ئەو خزمەتە زۆرەى لە ماوەى ژیانى خۆی پێشکەش بە هونەری کردووە بە شانازیی بۆ گەلەکەمان و شارى هەولێرى لە قەڵەمیدا و هیواى سەرکەوتن و لەش ساغى و تەندروستى باش و بەردەوامبوونى لە کارى هونەرى بۆ خواست.
پاشان لەلایەن ئامادەبووان و پارێزگاری هەولێر، خەڵاتی زێرین و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا لە بەرامبەر مێژووی زیاتر لە نیوسەدە خزمەتکردنی هونەری کوردی پێشکەش بە هونەرمەند کرا.