ڕێز لە تەمەنێکی پڕ لە بەخششی دەرهێنەری گەورەی کورد ناسر حەسەن دەگیرێت

دوای زیاتر لە ٦٠ ساڵ لە خزمەتی هونەری نواندان و سینەما و درامای کوردی، بڕیارە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێری سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر، مەراسیمێکی شایستە بۆ ڕێزگرتن لە تەمەنی پڕ لە بەخشش و داهێنانی گەورە دەرهێنەری کورد “ناسر حەسەن” ساز بکەن و فیلمێکی دیکۆمێنتاری لە بارەی ژیان و کارە هونەرییەکانی لە هۆڵی ڕۆشنبیری و هونەر نمایش بکەن.

ڕێورەسمەکە بە چاودێری پارێزگاری هەولێر و دەستەیەک لە هونەرمەند و ڕۆشنبیرانی کورد ساز دەکرێت و بەشێک لە کار و بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە نمایشدەکرێت و نیشانی میوانانی هۆڵەکە دەدرێت، پاشان ژیاننامەی هونەرمەند بە تایتڵێکی هونەری دەخوێندرێتەوە و چەپکە گوڵی وەفا و ڕێز لە لایەن “فەرهەنگ غەفوور و ئومێد خۆشناو” پارێزگاری هەولێر بە “ناسر حەسەن”ـی هونەرمەندی بوارەکانی دراما و سینەما و شانۆی کوردی دەبەخشرێت.

پرۆفایل
ناسر حەسەن لە ساڵی ١٩٤٧ لە خانەقین لەدایک بووه.
ئەکتەرێکی بەرچاو و دەرھێنەرێکی ناسراوی کوردە، کە لە فیلمی سینەمایی، شانۆ، زنجیرە دراما و کلیپی گۆرانی کاری کردووە.
لە ساڵی ١٩٧١، پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی بەغدای تەواو کردووە.
لە ساڵی ١٩٧٢ وەک دەرھێنەر دەستی بە کارەکانی کردووە.
ناسر حەسەن کاری دەرھێنانی بۆ سەدان ڤیدیۆکلیپ کردووە لە ناویشاندا بۆ گۆرانیبێژی ناسراو لەوانە عەلی مەردان، محەمەد عارف جزیری، عوسمان شارباژێری و خاتوو گوڵبەھار کردووە.
لە ساڵانی ١٩٧١ بۆ ١٩٩١ وەک دەرھێنەر لە تەلەڤیزیۆنی عێراقدا کاری کردووە.
ناسر ماوەیەک بەڕێوبەری گشتیی سینەما بووە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی ھەرێمی کوردستاندا.