شیڤان شێرزاد – هەولێر
دوێنێ، چراکان لە دامێنی قەڵا بە ڕووی ژیاندا هەڵکران، لەوێدا پارچەیەکمیوزیک لە قووڵایی ناخی مرۆڤ دەردەچوو، کە ویژدانی هێشتا بۆ پارچەمیوزیک و گۆرانیەک دەجووڵێت، پڕە لە هەست بۆ نیشتمانێکی ئازاردراو.
“د. ئامانج غازی” کۆنسێرتێکی بە ناونیشانی “سرووتێک لە گریانەوە تا بەر دەرگای ستران” بە بەشداری دەستەیەک لە هونەرمەندانی میوزیسیان بە ئامادەبوونی “فەرهەنگ غەفوور” بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و “کەنعان خەیلانی” ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و “وشیار واحید مەرجان” هونەرمەندی میوزیسیان و بەڕێوەبەری چالاکی قوتابخانەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەند و ڕۆشنبیرانی هەولێر ئەنجام درا.
هونەر وەک زمانی گەلان
كاتێ موزیك دەبێ بە زمانی گەلان
“فەرهەنگ غەفوور” بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ی ڕاگەیاند: کە كۆمەڵێك گەنجی موزیسانی توانا، لە میلۆدییەكی ناوازەی هونەرمەند د. ئامانج غازی كۆنسێرتی لە سرووتی گریانەوە تا بەر دەرگای سترانیان پێشكەش كرد و، بەو بەرهەمەی د. ئامانج و هاوكارانی ئێمەیان بردەوە پارچەكانی كوردستان، كۆنسێرت گەڕانێك بوو بە ناو نیشتمانی دایكدا؛ موزیك خۆی وەك كێشە ناساند، كێشە و دۆزێكی بەردەوامی پارچەپارچەی كوردستانی نیشتمان، ئا ئەو ساتانەن كە موزیك دەبێت بە زمان، بۆ ئێمە زمانی كورد و بۆ گشت گەلانیش دەبێت بە زمانی گەلان و پێی دەئاخڤن و لێی تێدەگەن، لە كێشە و خەمەكانی یەكدی دەگەن، کە ئەمەش جێگەی ڕێز و پێزانینە.