ئەزموونی موزیکیی ئەفرێنەر

‎ئامانج غازی

 

‌‌ توێژەرە پسپۆر و بیرمەندەکان ده‌رباره‌ی موزیك زۆریان وتوه‌ و نووسیوه‌، هه‌ریه‌كێ به‌پێی بیروڕای خۆی و بۆچوونی بۆ بابه‌ته‌كەو‌ كاریگه‌ریی موزیكی له‌سه‌ر مرۆڤ‌ ‌‌‌دیاریكردووه‌.
‎كه‌چی ئه‌م كه‌ڵه‌ مرۆڤانه‌ له‌ خاڵێكدا هه‌موویان ده‌گه‌نه‌وه‌ یه‌ك و یه‌ك بیروڕا ده‌رده‌بڕن و ده‌بێژن :- موزیك زمانێكی جیهانییه‌و هه‌میشه‌ خۆشی و به‌خته‌وه‌ری تێدا ده‌بینرێ و هه‌موو كاتێ رێگامان بۆ خۆش ده‌كا كه‌ هه‌موو ئێش و ئازارو زه‌حمه‌تییه‌ك له‌ ژیانماندا لابه‌رین. . (نیتشه‌) پرسیار ده‌كاو ده‌ڵێ : “كه‌ی ده‌نگ ده‌بێ به‌ موزیك” ؟ هه‌ر خۆی وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێ : “له‌و په‌ڕی ته‌نگانه‌ی مرۆڤ له‌ خۆشی و كاتی هه‌ڵچووندا، له‌ هاواركردن و له‌ هه‌موو كاته‌ شپرزه‌یه‌كانی مررۆڤ بتوانێ له‌گه‌ڵ ڕه‌وڕه‌وه‌ی خۆشی و شادی و ئازاری ئه‌م ژیانه‌ هه‌ڵ بكا و خۆی له‌ نێو به‌خته‌وه‌ری و ئازاره‌كانی ئه‌م ژیانه‌دا بدۆزێته‌وه‌”.
‎”كلۆد دیبۆسی” گه‌وره‌ موزیسیه‌نی فه‌ڕه‌نسی ده‌رباره‌ی ئاوازو موزیك ده‌ڵێ:” موزیك و ئاوازی به‌جۆش هه‌ست و هۆش ده‌رنابڕێ، خۆی ( هه‌ست و هۆشه‌ )، ئه‌م ‌(هەست و هۆش)ه‌ش به‌ باشترین وێنه‌ لە سه‌مفۆنیادا ده‌بینرێ، چونكه‌ هه‌میشه‌ موزیك بۆ به‌خته‌وه‌ری مرۆڤ داهێنانی به‌سه‌ردا هاتووه‌ و شێوه‌گه‌لی سه‌مفۆنیاش داهێنانێكه‌ كه‌ هونەرمەندی ژانگرتوو ئه‌و په‌ڕی چالاكی و بلیمه‌تی تێدا نواندووە”.
‎موزیك ئه‌و زمانه‌ جیهانییه‌ گه‌وره‌یه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ پاسپۆرت و سنووری وڵاتان ره‌تده‌كاته‌وه‌ و وه‌ك كرداری پراكتیكیش سه‌لماندوویه‌تی كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیی ئه‌و زمانه‌ له‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ ‌لە سه‌رتاسه‌ری جیهاندا زمانی ( نۆته‌ )و كۆمه‌ڵێ زاراوه‌ی موزیك هه‌ن له‌كاتی ( ژه‌نین ) دا به‌كاردێن و نۆته‌ی موزیكی گه‌لان وه‌ك موزیكێكی بیسراو له‌به‌ر ده‌م گشت هونه‌رمه‌ندانی تامه‌زرۆ داده‌نێ ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كۆمه‌ڵێ په‌ره‌گراف و به‌رنامه‌ی تری هاوبه‌ش هه‌ن كه‌ تایبه‌تن به‌ موزیكی سه‌ر له‌به‌ری مرۆڤایه‌تی و هه‌ر له‌ چاخه‌كانی پازده‌هه‌مه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ چه‌رخی رێنیسانس و باڕۆك و كلاسیك و كلاسیكی نوێ و رۆمانتیك و چه‌رخی نوێ به‌كارهاتوون و ئه‌م به‌رنامه‌ هاوبه‌شانه‌ زۆربه‌ی كات هه‌ڵگری ناونیشانی ئه‌و پارچه‌ موزیكییه‌ن كه‌ ئێستا له‌به‌رده‌ستی لێكۆله‌رو توێژه‌رو مامۆستاو قوتابیانی كۆلێژی هونه‌ره‌ جوانه‌كان و ئامۆژگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانن، بۆیه‌ به‌ پێویستی ده‌زانین وه‌ك كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی هونه‌ری، كۆمه‌لێ زاراوه‌و به‌رنامه‌و په‌ره‌گرافی هونه‌ری هەن لە‌ نێو فه‌رهه‌نگی موزیكی گەلان دەبێ ئێمە مانان بیانخەینە نێو زمانی موزیکیمان، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی كه‌ ئێستا به‌ ده‌گمه‌ن له‌ نێو موزیكی كوردی ده‌ژمێردرێن، رۆژێ له‌ڕۆژان وه‌ك بابه‌تێكی ده‌سته‌مۆ له‌ خزمه‌ت به‌ جیهانی بوونی موزیكی كوردی دابن.