شەوی چوارشەممە 2024.11.13، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەر و ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان و خانەوادە و دۆستانی هونەرمەند، لە ڕێورەسمێکى تایبەتدا بە بۆنەى ساڵیادی کۆچی دوایی و لە بەرامبەر نیوسەدە خزمەتکردنى هونەرى کوردى، میدالیاى زێڕینى بەخشى بە خانەوادەى هونەرمەندی دیار و ناوداری کوردستان و شاری هەولێر “سەلام کۆیی”.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، ئاماژەى بە ڕۆڵى مێژوویى هونەرمەند لە بوارى نواندندا کرد و تیشکى خستەسەر ئەوەى بە لە دەستدانى هونەرمەندی دێرین و ناسراوی کوردستان و شاری هەولێر “سەلام کۆیی” خەسارەتێکی گەورە لە هونەری کوردى کەوت، کە لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە بۆ زیاتر لە نیوسەدە تا دوا هەناسەکانى ژیانى لە خزمەت هونەرى شانۆ و سینەما و دراماى كورديدا بەردەوام بووە.
پاشان، هەر بەمبۆنەیەوە و لە چوارچێوەی وەرزی زستانەی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر، بۆ جاری دووەم فیلمی “کەواتە چاوەڕێ بە”، لە دەرهێنانی هونەرمەند جوان بامەڕنی و نواندنی هونەرمەندی کۆچکردوو “سەلام کۆیی” نمایش کرا.
جێگەى باسە، هونەرمەند “سەلام کۆیی” لە ساڵی 1955 لە گەڕەکی سەعدوناوەی شاری هەولێر لەدایکبووە و زیاتر لە 50 ساڵ لە بواری شانۆ و درامادا خزمەتی هونەری کوردی کردووە. دراماکانی “هەبوو نەبوو، مەمی ئالان، رەجەب و تاپۆ هەقی چییە” لە دراما بەناوبانگەکانی هونەرمەند سەلام کۆیین، دوایین کاریشی درامای “دوا شەو” بوو، سەلام کۆیی یەکێکە لە هونەرمەندە ناسراوەکانی هەولێر و کوردستان بوو، بەهۆی لێدانی جەڵتەی مێشک لە 16/8/2021 تەندروستی تێکچوو لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر خرایە ژێر چاودێری چڕ، بەرەبەیانی ڕۆژى 17ی ئابی 2021 کۆچی دوایی کرد.