ئەمڕۆ فیلمی “کەواتە چاوەڕێ بە” نمایش دەکرێت و قەڵغانی ڕێزلێنانیش بە خانەوادەی سەلام کۆیی دەبەخشرێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

لە وەرزی زستانەی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر و بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر، ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم لە ئێمپایەر سینەما فیلمی “کەواتە چاوەڕێ بە”، کە لە دەرهێنانی جوان بامەڕنی و نواندنی هونەرمەندی کۆچکردوو “سەلام کۆیی”ـە لە کاتژمێر ٦ـی ئێوارە نمایش بکرێت.

هەر لە چوارچێوەی نیشاندانی ئەو بەرهەمە سینەماییەدا بڕیارە ڕێز لە خانەوادەی هونەرمەندی کۆچکردوو “سەلام کۆیی” بگیرێت و قەڵغانی ڕێزلێنانیان لە بەرامبەر نیوسەدە لە بەخششی ئەو هونەرمەندە پێببەخشرێت، کە لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە تا دوا هەناسە لە خزمەت کولتوور و هونەری شانۆ و سینەما و درامادا بووە و بە ڕۆڵی “حاجی یادگار” ناوبانگی لە مێژووی هونەری نواندن دا دروستکرد.
لە دوا ساتەکانی ژیانیشیدا بەشداری لەم بەرهەمە سینەماییەدا کرد، کە ڕۆڵی ئەمیرێکی شەڕانگێزی چەکدارانی داعش دەبینێت و بە تەواوەتی چووەتە نێو قوڵایی بەرهەمەکە و ڕووی ڕاستی ئەو چەکدارانە نیشان دەدات، کە هێرشیان کردە سەر ناوچە کوردستانی و عێراقیەکاندا و لەسەر دەستی پێشمەرگەی خۆڕاگری کوردستان تێکشکان.
جێگەی باسە، بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەما هەولێر، چوار وەرزی ساڵ فیلمەکانی بەشێوەی دانانی پڕۆگرامێکی تۆکمە لە ڕۆژانی چوارشەممەدا بەخۆڕایی نمایش دەکات، تا ئێستاش زیاتر لە ٦٠ کورتە فیلم و فیلمی بڵند بەخۆڕایی نمایش کراوە و هەر هەفتەیەک بەپێی پڕۆگرامە ڕێز لە کەسایەتیەکی هونەری و ڕۆشنبیری دەگیرێت و خەڵاتی ڕێز و وەفای پێدەبەخشرێت.