شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندی بواری نواندن “ڕەحیم نەورۆزی” لە دوای بەشداربوون لە هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کەرکوک بۆ شانۆ، کە بە بەشداری زۆرترین وڵاتی عەرەبی لە ڕۆژهەتی ناوەڕاست و چەندین بەرهەمی بیانی فێستیڤاڵی سەر شەقام لە کەرکوکی دڵی کوردستان بەڕێوەچوو، هونەرمەند “ڕەحیم نەورۆزی”، کە به ڕۆڵی “ئامون حوتەیبی چوارەم” لە درامای بەناوبانگی یوزارسیف ناسرا، لە ڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەشداری لە فێستیڤاڵی سەر شەقام کرد و دواتریش هەر له هەولێرەوە گەیشتەوە تاران.
لە کاتی گەڕانەوەی لە فرۆکەخانەی هەولێرەوە گوتی: سەرسامم بە بینینی ئەو هەمووە جوانیی و گۆڕانکارییە خێرایەی لەم شارەدا بینیم و وایلێکردم هەولێر ببێتە بەشێکە لە یادگارەکانم، بەتایبەت لە کاتی پێشوازی و گەڕانەوەمدا کە مەودای مانەوەم لەم پایتەختەدا کەم بوو، بەڵام جوانی شارەکە و خۆشەویستی ئەو خەڵکە هونەردۆستەی وایلێکردووم، کە بیر لە پڕۆژەیەکی هونەری بکەمەوە و بەشداری لە کارێکی درامیی و شانۆیی کوردی دا بکەم، کە شایسته بێت بەو خەڵکە عاشقەی هونەری نواندندا. بۆیه هیوادارم ئەمجاره بتوانم بە کۆمەڵێک پڕۆژەی نوێوە سەر لە هەولێری جوان بدەمەوە و لەسەر تەختی شانۆی ئەو شارەدا کارێکی ناوازەی هونەری پێشکەش بکەم.