زیاتر لە ساڵێکە، هونەرمەند “کاروان حەمید حەلاق” بەرهەمێکی ناوازەی بۆ ڕۆحی “عەلی عاشق” لە قەد شاخەکانی کوردستان تۆمار کرد، بەڵام بڵاونەکرایەوە و هۆکاری دواخستنی بەرهەمەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە دەیەوێت زیاتر کار لەسەر دیمەنەکانی بەرهەمەکە بکات و بە وێنەی ڕاستەقینەی عەلی عاشق کلیپە نوێیەکەی دەوڵەمەنتر بکات.
“کاروان حەمید حەلاق” لەم لێدوانەی بۆ “هەولێر” دەڵێت: دوای ئەو ماوە دوور و درێژەی ڕاگرتنی بەرهەمەکەم، بڕیارمدا لە وەرزی پاییزدا گۆرانییە نوێیەکەم، کە گوزارشت لە عەشقێکی پاک و پڕ لە قوربانیدانی ئەو کەسایەتیە دەکات، کە هەموو تەمەنی گەنجی و جوانی پێشکەش بە کچۆڵەیەک کردووە و دواتر بەهۆی خراپی باری دارایی خێزانەکەی نەیتوانیووە بە ئەویندارەکەی بگات و شوێنی بەستنی یەکەم ژوانیان دەکات بە ماڵەکەی و تا دوا هەناسەش لەم ئەشکەوتەدا لە چاوەڕوانی ئەویندارەکەی دەمێنێتەوە، منیش وەک هونەرمەندێک لەگەڵ ستافێکی پڕۆفیشناڵی هونەری توانیم بەرهەمێکی ناوازە بۆ ئەو عەشقە بێ گرێیەی عەلی عاشق تۆمار بکەم و لەم ڕۆژانەشدا لە یوتیوبی خۆم بڵاوی دەکەمەوە.