لە كۆڕبەندێكی نێودەوڵەتیدا باسی پێكەوژیان و سەركەوتنی پرۆسەی دیموكراتیکی هەرێمی كوردستان دەكرێت

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

لەسەر بانگهێشتی فەرمی رێكخەرانی كۆڕبەند شاندێكی دەزگای خێرخوازی بارزانی بەشداری كۆڕبەندی ئابوری بۆدێنس لە وڵاتی ئەڵمانیا كرد.

كۆڕبەندی ئابووریی بۆدێنس BBF 2024 لە شاری فرێدڕیش هاڤن لە ئەڵمانیا لە بە ئێوارەخوانێك بۆ چەندین كەسایەتی و شاندی دەزگا دەستی پێ كرد و 700 كەسایەتی سیاسی و ئیداری و حكوومی و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران لەو كۆڕبەندەدا بەشدار بوون كە 14 پلاتفۆرمی لەخۆ گرتبوو. دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەكێك لە لایەنەكانی بەشداربووی كۆڕبەندەكە بوو، كە بە فەرمی بۆ ئەو كۆڕبەندە بانگهێشت كرابوو.
موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە پانێڵێك بەشداری لەو كۆڕبەندە و بە وردی باسی بارودۆخی مرۆیی لە هەرێمی كوردستان لە روانگەی سیاسی و مرۆیی و رەهەندە مێژووییكەی خرایە بەر باس، بارودۆخی هەنووكەیی پێكەوژیان و سەركەوتنی پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان و بارودۆخی پێكهاتەكان بە تایبەت كوردانی ئێزدی لە تەوەرە هەرە گەرمەكانی پانێڵەكە بوون. هەر لەو بارەیەوە بەڕێز موسا ئەحمەد (لە شوێنی كۆڕبەندەكە) ئاماژەی بەوە كرد كە “هەماهەنگییەكی باش لە نێوان هەردوو لایەن BBF و BCF دروست بووە، هاوكاریی ئەوان بۆ كوردستان و بەتایبەتی بۆ ئاوارە و پەنابەران بە وردی تاوتوێ كراون، جەختی لەوەش كردەوە كە هێشتایش نزیكەی یەك ملیۆن لە خەڵكی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان دەژین و ئەگەر كوردستان نەبێت، ئەوا شاڵاوی پەنابردنی ئەو خەڵكە بۆ وڵاتانی ئەوروپا زۆر زیاتر دەبێت. باسی ئەوەشی كرد كە بە هۆی بارودۆخی ناوچەكەوە ئەگەری ئەوە هەیە، ژمارەی ئاوارە و پەنابەران زیاتر بێت.
بەشداریی دەزگا لەم جۆرە كۆڕبەندانە گرنگیەکی یەكجار زۆری هەیە بۆ گەیاندنی پەیامی مرۆیی كوردستانی بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئاشناكردنی بە كولتووری مرۆڤدۆستی كوردستانیان و رێبازی پیرۆزی بارزانی. ئێستاکە دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆتە دەنگی قوربانیانی جەنگ لە ناوچەكە و پێكهاتەكان لە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتیەكان، لەم شوێنانە بە گرنگیەوە گوێ لە بۆچوون و بیرۆكەكانی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەگیرێ و سیاساتی رێكخراوەكان و دامەزراوە حكومیەكانی لەسەر بنیات دەنرێ.
جگە لە موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئاوات مستەفا ئەندامی دەستەی كارگێڕی و نوێنەری دەزگا لە ئەوروپا و، كارزان نوری ئەندامی دەستەی كارگێڕی و بەرپرسی پلاندانانی پرۆگرامەكان و ستاڤ ئاسۆ بەرپرسی ئۆفیسی هەولێر و، شێرۆ سمۆ بەرپرسی ئۆفیسی شنگال بەشداریان لە كۆڕبەندە كرد.