عومەر جەمیل: ” لە ڕێگەی هونەرەوە خەرمانێک لە ئەزموونی ژیان بە خۆش و ناخۆش فێر بووم”

پەیکەرساز عومەر جەمیل، لە ساڵی ١٩٨٥ لە ھەڵەبجەی شەھید لەدەیک بووە، ‎ساڵی ٢٠٠٥ دەچێتە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی شێوەکاری پەیکەرسازی، ساڵی ٢٠١٠ بە بێ مانەوە پەیمانگا تەواو دەکات. ‎ساڵی ٢٠١١ وەك مامۆستای قوتابخانەی بنەڕەتی دادەمەزرێت تاوەکوو ئێستاش لەسەر ھەمان پیشە بەردەوامە وەک یاریدەدەر بەڕێوەبەر. وەک خۆی لەو دیمانەیەیدا بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” دەڵێ: لە ڕێگەی ھونەرەوە خەرمانێک لە ئەزموونی ژیان بە خۆش و ناخۆش فێر بووم”.

باسی ئەزموونی خۆت لەهونەری شێوەکاری بکە؟
ھونەری شێوەکاری ھەر لە قۆناغی سەرەتایی خوێندنمدا شان بەشان لەگەڵم دەھات، بەجۆرێک بە ئاشکرا ھەستم بە گەشە کردنی ئەو ھونەرە دەکرد کە ناخمدا ھەبوو، بۆیە لە قۆناغی ناوەندیدا بڕیارم دا پەرە بە ھونەرەکەم بدەم وەک بناغەیەك دەستم کرد بە ڕاھێنان بەشێوەی ئەکادیمی لە پێناو وەرگیرانم لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان، ‎لەوکاتەوە ھونەر بووەتە بەشێکی سەرەکی لە ژیانم کە بە جۆرێك لە ناخمدا دێت و دەچێت، دەتوانم بڵێم لەم ڕێگەیەوە بیر کردنەوە و دنیابینيم جیاواز لە کەسانی دەورووبەرم گۆڕانی بەسەردا ھات و ھەمیشە بە ڕوونی زیاتر ھەستم بە جوان و ناشرینیەکانی ژیان دەکەم. ‎لە قۆناغی سێیەمی پەیمانگا لەبەشی پەیکەرسازی دەستم بە کارکردن کرد لە بواری ھونەر “ھونەری پەیکەر سازی” لە دەرەوی پەیمانگا وەک بەردەستێکی ھونەری لەگەڵ یەکێك لە پەیکەرسازەکانی شاری سلێمانی، بۆ ماوەی ٣ ساڵ واتە ساڵێک دوای تەواو کردنی پەیمانگا، دواتر بەجۆرێك ھەستم بەو توانایە کرد کە دەتوانم سەربەخۆ کار بۆ خۆم بکەم. ‎لە یەکەم کارم لەگەڵ یەکێکی تر لە پەیکەرسازەکانی شاری سلێمانی ڕێکەوتم کە پەیکەری (سەعید قەزاز ) دروست بکەم، بەو توانایەی کە ئەوکات ھەم بوو لە ھونەرەکەمدا بە ئاستێکی مامناوەندەوە دەستم بە دروست کردنی پەیکەرەکە کرد لە ماوەی مانگێکدا تەواوم کرد، ئێستا لە شەقامی پیرەمێرد لەسەر یەکێک لە تەلارەکانی ئەو ‎شه مامه ى دانراوه، دواتر لە ساڵی ٢٠١٢ وەک دووەمین کارم لەسەر داوای سەرمایەدارێکی شاری سلێمانی کە خولیای دروست کردنی کاری ھونەری بوو بۆ سەر بیناو باڵەخانەکانە خۆی، داواکاری دروست کردنی پەیکەرێکی پێشکەشی چەند ھونەرمەندێکی پەیکەر ساز کرد بۆ (دوانزە سوارەی مەریوان ) منیش ھەر وەک ھەر ھونەر مەندێک نموونەیەک لە کارەکەی خۆم کە لای خۆم دەلالەت بوو لەو داوایەی کە ئەو سەرمایەدارە داوای کردبوو، بەخۆشحاڵیەوە نموونەی کارەکەی منی قبوڵ کرد، پاشان دەستم بە دروست کردنی پەیکەرەکە کرد کە وەك فۆرم پێكھاتبوو لە ئەسپێك و سوارێک لەسەر پشتی و ھەردوو دەستی بەرز کردوەتەوە، کارەکانیش بە ماتریاڵی فیبرگڵاس داڕێژراوە.

باسی درووستکردنی ئەو پەیکەرانە بکە کە گرینگن لات؟
لە ماوەی ژیانی کارکردنم لە بواری ھونەریدا و بە تایبەت ھونەری پەیکەرسازی چەند کارێکم کردووە کە لە ڕووی قەبارەو فۆڕمەوە جیاوازن. ھەندیك لەو پەیکەرانەی لای خۆم جێگەی باسن وەکوو ‎پەیکەری دوانزە سوارەی مەریوان وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێداوە، ‎پەیکەری شاعیری گەورەی کورد (پیرەمێرد) ساڵی ٢٠١٢ ئەم پەیکەرە لە سەرەتای شەقامی سابونکەران لە شاری سلێمانی لەسەر تەلای پیرەمێرد دانراوە، لەسەر داوای سەرمایەداری شاری سلێمانی کاک (زاھیری کەریمەڕەش) داوا کراوەو ھەر خۆشی تێچووی کارەکەی گرتە ئەستۆ، کارەکە لە ماوەی ٤ مانگدا تەواو بوو بە مادەی فایبرگلاس داڕێژراوە، بەرزی پەیکەرەکە ٤م دەبێت. پەیکەری حەزرەتی (مەولەوی ) ساڵی ٢٠١٨ ئەم پەیکەرە یەکێکە لەو کارە ھونەریانەم کە زۆر جێگەی بایەخە لە لای خۆم، ئەم کارە لە ناحیەی وارماوا سەر بە قەزای شارەزوور دانراوە، لەلایەن فەرمانگەی ڕۆشنبیری وارماواوە سەرپەرشتی کرا و وە چەند کەسێك لە نەوەکانی حەزرەتی مەولەوی تێچووی کارەکە یان گرتە ئەستۆ، پەیکەرەکە بە مادەی فایبرگڵاس داڕێژراوە و بەرزی پەیکەرەکە ٢ م دەبێت. پەیکەری ژینگە پارێز، ئەم پەیکەرە وەك بیرۆکە فۆرم بە یەکەمین پەیکەرو خۆشەویسترین پەیکەرم دادەنێم لە نێو کارەکەنمدا لە ساڵی ٢٠١٥دروستم کرد، بیرۆکەی ئەم کارە لەلایەن بەڕێز کاک (زاھیری کەریمە ڕەش) ەوە لە دایک بوو، پاشان بە سوپاسەوە ئەرکی دروست کردنی ئەم پەیکەرەی خستە ئەستۆی من، ئەوەی مەبەستمە باسی بکەم ئەم کارە بۆ دووەمین جار دروستم کردەوە، یەکەمین جار دوای دانانی لە بەردەم بەسی خزمەتگوزاری شارەوانی سلێمانی لە شاڕێی سالم دانرا، بە داخەوە دوو جار شکێنرا و چاکم کردەوە پاشان بۆ جاری سێیەم بە جۆرێک شکێنرا کەڵکی چاککردنەوەی نەما. پاشان بۆ دووەم جار ساڵی ٢٠١٨ لەسەر داوای کاک زاھیر خاوەن بیرۆکەی کارەکە ئەرکی دابینکردنی تێچووەکەی گرتەوە ئەستۆ، بە مادەی فایبرگڵاس دامڕشتووە بە بەرزی ٢م. ھەروەھا کاری دیکەشم ھەیە وەک زیاتر لە ٥٠ پەیکەری بارز بە قەبارەی ١١٠x١٤٠سم، ئەم پەیکەرانە لە گەرەکێکی دێرینی شاری سلێمانی گەرەکی کانی ئاسکان بەڕوی ٣ تەلاری کاک زاھیری کەریمە رەش دانراوە، کارەکان سەرجەمیان پۆترێتێ کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی و ھونەریەکانی شاری سلێمانین، ئامان لە دروس کردنی ئەم کارانەو دانانیان بە ڕووی تالارەکانەوە بە زیندوو ھێشتنەوەی کارو خەباتی ئەم کەسایەتيیانەیە، کارەکان بە مادەی فایبەر گڵاس داڕێژراون و کۆی تێچووی کارەکان لە لایەن کاك زاھیرەوە خەرج کراوه.
ئەوی ماوە بڵێم لە ڕێگەی ھونەرەوە خەرمانێک لە ئەزموونی ژیان بە خۆش و ناخۆش فێر بووم. ھەمیشە بە جۆڕێك لە ژیان ڕاماوم کە جیاواز لە کەسانی ئاسایی درکم بە شتگەڵێك کردووە راستەوخۆ ڕەنگیان داوەتەوە لەسەر کاروباری ڕۆژانەم جا ئیتر بە باش بوبێت یان خراپ.