ڕێوڕه‌سمی کۆتایی حه‌فتاودووهه‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “سان‌سباستیەن” San Sebastian به سه‌رۆکایه‌تی “خۆزه لۆئیس ڕێبۆردینۆس” José Luis Rebordinos له هۆڵی “کۆرسال” له شاری سان‌سباستیەن له وڵاتی ئیسپانیا به‌ڕێوه‌چوو و له لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانه؛ براوه‌کانی به‌شه جۆراوجۆره‌کان ناسێندران.
براوه‌کانی به‌شی “پێشبڕکێی سه‌ره‌کی”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “پێشبڕکێی سه‌ره‌کی” که بریتی بوون له “جیونێ کامبوردا” ده‌رهێنه‌ر له ئیسپانیا ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، “له‌یلا گۆریرو” نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوووس له ئەرجەنتین، “فڕان کڕانز” ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ر له ئه‌مه‌ریکا، ”کریستوس نیکۆ” ده‌رهێنه‌ر له یۆنان، خاتوو “کارۆڵ سکۆتا” به‌رهه‌مهێنه‌ر له فەرەنسا و هه‌روه‌ها “ئۆلڕیش سیدڵ” ده‌رهێنه‌ر له نه‌مسا؛ ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:
خه‌ڵاتی “سه‌ده‌فی زێڕین”
خه‌ڵاتی “سه‌ده‌فی زێڕین” Golden Shell به به‌ڵگه‌فیلمی درێژی “دوانیوه‌ڕۆکانی ته‌نیایی” له ده‌رهێنانی “ئاڵبێرت سێرا” به‌رهه‌می ئیسپانیا، فەرەنسا و پورتوگاڵ به‌خشرا.
خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌ران
خه‌ڵاتی تایبه‌تی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م به‌شه‌ش به فیلمی سینه‌مایی “دوایین کچی نمایش” له ده‌رهێنانی “جیا کاپۆلا” به‌رهه‌می ئه‌مه‌ریکا پیشکه‌ش کرا.
خه‌ڵاتی “سه‌ده‌فی زیوین” باشترین ده‌رهێنان
خه‌ڵاتی “سه‌ده‌فی زیوین” Silver Shell باشترین ده‌رهێنان به “لۆرا کاریرا” بۆ ده‌رهێنانی فیلمی سینه‌مایی “له ڕووخان” به‌رهه‌می به‌ریتانیا و پورتوگاڵ و به “پێدرۆ مارتین ـ کاڕلۆ” بۆ ده‌رهێنانی فیلمی سینه‌مایی “گریان” به‌رهه‌می ئیسپانیا، ئەرجەنتین و فەرەنسا به‌خشرا.
خه‌ڵاتی “سه‌ده‌فی زیوین” باشترین ئه‌کته‌ری ڕۆڵی یه‌که‌م
خه‌ڵاتی “سه‌ده‌فی زیوین” باشترین ئه‌کته‌ری ڕۆڵی یه‌که‌م به خاتوو “پاتریشیا لۆپێز ئاڕنیز” بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی “دره‌وشانه‌وه‌کان” له ده‌رهێنانی “پیلار پالۆمێرۆ” به‌رهه‌می ئیسپانیا پێشکه‌ش کرا.
خه‌ڵاتی “سه‌ده‌فی زیوین” باشترین ئه‌کته‌ری ڕۆڵی ته‌واوکه‌ر
خه‌ڵاتی “سه‌ده‌فی زیوین” باشترین ئه‌کته‌ری ڕۆڵی ته‌واوکه‌ر به “پیەر لۆتین” بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی “ئه‌و کاته‌ی پاییز به‌ڕێوه‌یه” له ده‌رهێنانی “فرانسوا ئۆزۆن” به‌رهه‌می فەرەنسا به‌خشرا.
خه‌ڵاتی لێژنه‌ی دادوه‌ران بۆ باشترین سیناریۆ
خه‌ڵاتی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌ران بۆ باشترین سیناریۆ به ”فرانسوا ئۆزۆن” و “فیلیپ پیازۆ” بۆ نووسینی سیناریۆی “ئه‌و کاته‌ی پاییز به‌ڕێوه‌یه” به‌رهه‌می فەرەنسا به‌خشرا.
خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گرتن
خه‌ڵاتی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌ران بۆ باشترین وێنه‌گرتن به “پیائۆ سونگری” بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئەرکی وێنه‌گرتنی فیلمی سینه‌مایی “به‌ستراو به به‌هه‌شت” له ده‌رهێنانی “هۆ شین” به‌رهه‌می چین پێشکه‌ش کرا.
براوه‌کانی به‌شی “پێشبڕکێی ده‌رهێنه‌ره نوێیه‌کان”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “پێشبڕکێی ده‌رهێنه‌ره نوێیه‌کان” که بریتی بوون له؛ “فیلیپ بوبێر” به‌رهه‌مهێنه‌ر و بڵاوکه‌ره‌وه‌ی فیلم له فەرەنسا ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، “ئێدۆاڕد کرێسپۆ” ده‌رهێنه‌ر و پلاندانه‌ر له ئەرجەنتین، “جێسیکا کیانگ” ڕه‌خنه‌گری سینه‌ما و پلاندانه‌ر له ئیرله‌ندا، “ئیزیبنه ئۆنێدێرا” ده‌رهێنه‌ر له ئیسپانیا و “ئۆلونا سێلمانی” ده‌رهێنه‌ر له سویسرا؛ ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:
خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان
خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان به “پێت بۆمگاڕتنێر” بۆ ده‌رهێنانی فیلمی سینه‌مایی “درام باگێر” به‌رهه‌می سویسرا به‌خشرا.
ڕێزلێنانی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌ران
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م به‌شه ڕێزیان له “ئانتوان ئاڵواڕێز” گرت بۆ ده‌رهێنانی فیلمی “گیتاری فلامینکۆ یرای کۆڕتێکس” به‌رهه‌می ئیسپانیا.
خه‌ڵاتی “ئاسۆکان”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی خه‌ڵاتی “ئاسۆکان” Horizontes که بریتی بوون له؛ “فێڕناندێز خوان لیما” ڕه‌خنه‌گری سینه‌ما له ئەرجەنتین ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، “پێدرۆ هێرناندێز سانتۆس” به‌رهه‌مهێنه‌ر له ئیسپانیا و هه‌روه‌ها “واڵێنتینا مۆڕێل” ده‌رهێنه‌ر له کۆستۆریکا؛ ده‌نگی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:
خه‌ڵاتی “ئاسۆکان” به فیلمی “جۆکێی بکوژە” له ده‌رهێنانی “لۆئیس ئۆڕتێگا” به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی ئەرجەنتین، ئیسپانیا، دانماڕك و ئه‌مه‌ریکا به‌خشرا.
خه‌ڵاتی Zabaltegi-Tabakalera
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی خه‌ڵاتی Zabaltegi-Tabakalera ئاڤانگارد و ئه‌زموونی له‌م ڕووداوه گرینگ و پله یه‌که‌ی سینه‌مای جیهان که بریتی بوون له؛ خاتوو “ئێمیلی بوژێس” به‌رپرسی فێستیڤاڵی له سویسرا ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، “سانتیاگۆ لوزا” ده‌رهێنه‌ر له ئەرجەنتین و هه‌روه‌ها خاتوو “هرۆن کریستیانسدوتیر” به‌رهه‌مهێنه‌ر له ئیسله‌ندا، ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:
خه‌ڵاتی Zabaltegi-Tabakalera ئاڤانگارد و ئه‌زموونی به فیلمی سینه‌مایی “ئاوریل” له ده‌رهێنانی “دێئا کۆلۆمبگاشویلی” به‌رهه‌می فەرەنسا، ئیتاڵیا و جۆرجیا به‌خشرا.
هه‌وره‌ها له‌م به‌شه‌دا، فیلمی سینه‌مایی “مۆنۆلۆگی کۆمه‌ڵ” له ده‌رهێنانی “جێسیکا سارا رینله‌ند” به‌رهه‌می وڵاتی ئەرجەنتین له لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانه‌وه ڕێزیی لێ‌گیرا.
خه‌ڵاتی بینه‌رانی سان‌سباستیەن
خه‌ڵاتی بینه‌رانی سان‌سباستیەن بۆ باشترین فیلمیش به فیلمی سینه‌مایی “گرووپی ڕێپێوان” له ده‌رهێنانی “ئێمانۆئێل کۆرکول” به‌رهه‌می فەرەنسا به‌خشرا.
خه‌ڵاتی بینه‌ران بۆ باشترین فیلمی ئه‌ورووپی
خه‌ڵاتی بینه‌رانی سان‌سباستیەن بۆ باشترین فیلمی ئه‌ورووپی به فیلمی سینه‌مایی “توێی هه‌نجیری پیرۆز” له ده‌رهێنانی “محه‌مه‌د ڕه‌سووڵۆف” به‌رهه‌می ئه‌ڵمانیا، فەرەنسا و ئێران پێشکه‌ش کرا.
پیشاندانی کۆمه‌ڵێک له باشترین فیلمه‌کانی جیهان
حه‌فتاودووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “سان‌سباستیەن” له چه‌ندین به‌شی جۆراوجۆردا له‌وانه؛ به‌شی “پێشبڕکێی سه‌ره‌کی”، به‌شی “پیشاندانی خه‌ڵاتی دۆنۆیستا”، به‌شی پێشبڕکێی “ده‌رهێنه‌ره نوێیه‌کان”، به‌شی “ئاسۆکانی لاتین” Horizontes Latinos، به‌شی پێشبڕکێی Zabaltegi-Tabakalera، به‌شی “پێرلاک” Perlak (کۆمه‌ڵێک له باشترین فیلمه درێژه‌کان که له ئیسپانیا پیشان نه‌دراون)، به‌شی پێشبڕکێی “هێلانه” Nest (به‌رهه‌مه‌کانی خوێندکارانی سینه‌ما)، به‌شی پێشبڕکێی “سینه‌مای چێشت لێنان”، به‌شی پێشبڕکێی “کورته فیلمه‌کان”، به‌شی پێشبڕکێی “زۆر کورت”، به‌شی “زینێمیرا”، به‌شی “فیلمه به‌رهه‌م هاتووه‌کان له وڵاتی ئیسپانیا” Made in Spain، به‌شی “ڤیلۆدڕۆم” Velodrome، به‌شی “سینه‌ما بۆ منداڵان” Movies for kids، به‌شی “کلاسیک” Klasikoak، به‌شی “سه‌یریی ڕابردوو” Retrospective، به‌شی “له دوورگه‌ی دیکه” On the Other Island، به‌شی “خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی فیپێڕشی” FIPRESCI (فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی ڕەخنه‌گرانی فیلم)، به‌شی “فیلمی خافڵگیرانه”، به‌شی EITB Gala، به‌شی RTVE Galas، وتووێژ له‌گه‌ڵ سینه‌ماکاران، کۆبوونه‌وه‌ی پسپۆڕانه‌ی سینه‌مایی، به‌شی “ڕێزلێنان له که‌سایه‌تییه به‌رچاوه سینه‌ماییه‌کان” و … له شاری سان‌سباستیەن له وڵاتی ئیسپانیا به‌ڕێوه چوو.