چنین لە دانراوەکانی موزیکیی ڕۆژهەڵاتیدا

ئامانج غازی

 

دانراوی موزیکیی ڕۆژهەڵاتی دوو جۆری هەیە
١- دانراوی موزیکیی ئێستێتیکی کە تیایدا کاری داهێنەرانەی موزیکیی گرنگە بێ گوێدانە ئەو ناوەڕۆکەی کە دەکرێت دەرببرێن. بۆیە دانەری موزیکیی خەیاڵ وهەستە جوانییەکانی خۆی واڵا دەکات، بەبێ ئەوەی هیچ کۆت وبەندێک سنوورداری بکات.
٢- موزیکی ناوەڕۆک ئامێزو پەیوەست وپەیوەندیدار بە دەربڕینی ڕووداوێکەوە،
لێرەدا موزیک مەبەست لێی دەربڕینی هەموو هەست وسۆزە ئاوێتەکراوەکانی مرۆڤە، ئەگەر پەنا بۆ لێکۆڵینەوەیەکی تەواو لە مەقام وڕەگەزەکانی موزیکیی وپێکهاتە هونەرییەکانییان نەبەین.
لە دانراوی موزیکیی جوانیناسیدا، پەنابردن بۆ فراوانکردنی ڕستەی میلۆدی هەمیشە کارێکی لە پێشینەیە، ئەم کارلێکانە دەبێت بەپێی مەقامە ڕۆژهەڵاتییە بەکارهێنراوەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت. لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەم کە ئێمە مەیلی پۆلیفۆنیمان هەیە، کە پێکهاتەی میلۆدیەکانە، هەروەک چۆن گوێی ڕۆژهەڵات خوی بە بیستنی یەک میلۆدی گرتووە، بە هەمان شێوە دەتوانێت خوو بە بیستنی دوو میلۆدی کە لە یەک کاتدا هاوئاهەنگبن بگرێت. بەڵام بۆ یەکەمجار نا. با سەرەتا ئاوازە ڕەسەنەکە ئەزبەر لە مێشکی گوێگردا لەنگەر بگرێت، پاشان پەنا بۆ کارلێکە پۆلیفۆنیەکان ببەین، بۆ ئەوەی تیشک بخەینە سەر ئەو جوانیناسییەی کە بە تاک میلۆدیەکان نیشان نەدرابوون.
چنین لە موزیکدا ئاماژەیە بۆ ژمارە وچڕی هێڵەکانی موزیک لە پارچە موزیکێکدا. بە واتایەکی تر، چنین لە موزیکدا پەیوەندی نێوان چینەکانی دەنگ، یان هێڵەکان، یاخود دەنگەکانە.
چنینی لە موزیکدا دەتوانرێت بە بەکارهێنانی چەند زاراوەیەک وەسف بکرێت، بەڵام سادەترینیان وەسفکردنی چڕی موزیکەکەیە. چڕی، یان چنینی ناو موزیکەکە، کە تەنها لە لایەن چەند ئامێرێکی موزیکییەوە دەژەنرێن، دەتوانرێت بە موزیکی سووک، نەرم ونیان، یان تەنانەت پەرش وبڵاویش وەسف بکرێت، کاتێک هەوڵدەدەیت چنینی موزیکیی بۆ پێکهاتەی پارچە موزیکییەک دروست بکەیت، یەکەم شت کە پێویستە بیکەیت ئەوەیە کە ئەو ئامێرانە بخەیتە لیستی ئەو ئامێرانەی کە لە موزیکەکەدا دەژەنرێن.
چوار ڕۆڵی سەرەکی هەیە کە ئامێرێکی موزیک لە هەر بەشێکی پارچە موزیکێکدا دەتوانێت بیگێڕێت:
١- میلۆدی: – بە زنجیرەیەک نۆت پێناسە دەکرێت کە میلۆدی پێکدەهێنن. میلۆدی یان میلۆدی سەرەکی ئەو بەشەیە کە زۆرترین جیاوازی هەیە وزۆرجار ئەو بەشەیە کە موزیکەکەدا لەگەڵیدا دەگاتە ئەنجام.
٢- ڕیتم: – ئەو ئامێرەی کە ترپەکانی پێسپێردراوە، زۆرجار ئامێری تەپڵ یان زەربە ڕیتم بە پێشکەشکردنی لێدانی بنەڕەتی موزیککە پێناسە دەکرێت ویارمەتی گوێگر دەدات بۆ بیستنی لێدانی موزیکەکە،
٣- یاوەریی میلۆدی: – یاوەریی میلۆدی لەلایەن هەر ئامێرێکی تۆنییەوە ئەنجام دەدرێت کە ئاوازەکە ئەنجام نەدات بەڵکو لەگەڵ یاوەری موزیکەکەیەو پشتگیری میلۆدیەکەدا دەکات.
٤- یاوەری ڕیتمی: – هەر ئامێرێک کە لەگەڵ ڕیتمەکەدا کار بکات وپشتگیری بکات. دەکرێ وەک دەف یان سەنج بن کە ستایلێکی ڕیتمیک لێدەدات بۆ ئەوەی یاوەری ئەو تەپڵانە بێت کە ڕیتمەکە دەکوتن.