پاشاکەی یوزارسیف لە کەرکووک خەڵاتی ئاڵتوونی پێ دەبەخشرێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کەرکووک بۆ شانۆ، بڕیارە لە ڕۆژانی ٢ بۆ ٤ ـی نوڤەمبەر لە تەلاری هونەر لە شاری کەرکووک بە ئامادەبوونی گەورە هونەرمەندانی تونس و مەغریب و میسر و ئێران و وڵاتانی دیکەدا بەڕێوە بچێت.

فێستیڤاڵە شانۆییەکە چەند چالاکییەکی جۆراوجۆری هونەری لەخۆوە دەگرێت لەوانە نمایشکردنی شانۆگەرییە کوردی و بیانییەکان و زنجیرەیەک کۆڕ و سیمینار لە بارەی پێشکەوتن و گرفتە هەنوکەییەکانی شانۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت لە کوردستان و عێراقدا.
لە دوا چالاکیی ئەو فێستیڤاڵەشدا دەستەیەک لە هونەرمەندە ناسراوەکانی میسر و ئێران و ئوردنی و تونسی خەڵاتی ئاڵتونیان پێدەبەخشرێت، دیارترینیشیان هونەرمەندی گەورە “ڕەحیم نەورۆزی” دەبێت، کە هەموو جیهان لە ڕێگەی زنجیرە درامای مێژوویی “یوزارسیف” بە ڕۆڵی پاشا و عەزیزی میسر ناسرا.
بڕیاریشە لە سەرەتای ئەم مانگە ببێتە میوانی هەشتەمین فێستیڤاڵی کەرکووک بۆ شانۆ و خەڵاتی ئاڵتونی ئەو فێستیڤاڵەی پێ ببەخشرێت.