جوانیناسی لە موزیکدا

ئامانج غازی

جوانییەکانی نێو موزیکی ئەبستڕاک خاوەن بەها و زەمینەیەکی پڕاکتیزەیی لەبارن بۆ کارکردنی موزیکیی ئاوازدانەری بە سەلیقە و خاوەن ڕۆشنبیرییەکی کەلەپووریی و کەلتووری نەتەوەیی لەڕووی هزرییەوە.
زۆرێک لە توێژەرانی جوانی نموونەی (هانزلیک و جان برتیلمی)ئارەزوویان لە لێکۆڵینەوەی کێشەی ڕەسەنێتیی لە هونەردا کردووە، (کاری ڕەسەن ئەو بەرهەمە نوێیەیە، کە لە پانتایی مێژوودا وەک جۆرێک لە لێکترازان بەڕێوە دەچێت، وەک ئەوەی ڕاستییەکی بێهاوتا بێت لە سەر بنەمای هەموو لێکدانەوەیەک وهەڵاتن لە تەواوی بەراورد و مانای ئەو شتەیە کە (ڕەسەن) ڕابەرایەتی دەکات پێکهاتبێت، ئەو بابەتە ڕەسەنە لە هەر ڕوخسارێکەوە بە هەر شتێکی تر، لێکچووە و پێشتر درکمان پێکردووە، یان قبوڵمان کردووە، یاخود لەلامان ناسراوەتەوە.
ڕەسەنێتی واقعێکی داهێنەرانەیە، کە لەگەڵ ئێمە گرنگی بە کارە هونەرییە ڕەسەنەکان دەدات. ڕەسەنێتیییەکەی، بۆ ئەوەیە سەرنجمان ڕابکێشێت و سەرسامیمان پێ ڕەوا ببینێ. ئەو بابەتەش ئەگەر تەنها و بە تایبەتی هەستێکی جوانیی بێت، ئاوا بەس نییە پێی بوترێ کاری ڕەسەن، بەڵکو دەبێت بە نوێگەرییەوە دەربکەوێت، چونکە تەرازووی پێوانی هاوسەنگی ئەو هاوکێشە گەورەیە کە پێیدەڵێن ڕەسەنێتی، لە بنەڕەتدا منداڵدانی هاوچەرخێتییە).
هانزلیک پێی وایە (جوانی موزیک لە سروشتیی موزیکەوەیە، واتە جوانی، لێرەدا لە جووڵە نەکەوتووە و پێویستیشی بە هیچ بابەتێکی دەرەکی نییە، بەڵکو بە تەواوی لەو دەنگانە پێکدێت، بە شێوەیەکی هونەری دەیبەستێتەوە بە میلۆدییەکی بێهاوتا و دواتر جوانی خۆیان دەردەخەن و لە شێوازی پێکهێنانیان لە هاڕمۆنی ویاوەریکردندا لە ئەفراندن نزیکمان دەکەنەوە. گەشەسەندن و بەرجەستەبوونی موزیک لە ڕێگەی زمان و ماتریاڵی موزیکی فۆڕموولەکراو، وەک ڕیتم وئاواز وهاڕمۆنی دەبن؟ لێرەدا هانزلیک ڕاستەوخۆ وەڵاممان دەداتەوە، کە ئەوەی موزیک گوزارشتی لێ دەکات بیرۆکەی موزیکییە. ئەوە جوانییەکی ئەفسانەیی نییە، بەڵکولە خودی خۆیدا دوماهییە و لە هەمانکاتیشدا ئامرازی نوێنەرایەتیکردنی هەست و بیرۆکەش نییە، بەڵکو جوانییەکی خود ئامێزە.
لە ئاکامی دووبارە داڕشتنەوەی موزیکی و بە ئامانجی گەیشتن بە ئاوێتەکردنێکی زانستییانەی هەردوو چەمکی ڕەسەنێتیی وهاوچەرخێتی، زەمینە سازییەکی لەبار و گونجاو بۆ ئەو فرە کەلتوورییەی کە کۆمەڵگە ئەمڕۆ لەگەڵیدا کارلێک دەکات دێتە ئاراوە، چونکە دووبارە داڕشتنەوەی ئەو موزیکە کەلەپوورییە حاڵەتێکی ئەرێنی و هەنگاوێکی زانستییانەیە بۆ گەیشتن بە هاوکێشەی (کەلەپوور و هاوچەرخێتی لە سەر یەک ژێی داهێنان)، کە هونەرمەندی بە سەلیقە بەبەردەوامی هەوڵی بۆدەدات، چونکە بابەتە هونەرییە بەرهەمهاتووەکانی بە ناوەرۆک و مانا و بەها جوانییەکانەوە گرێ دەدەن، بەم شێوەیە هونەریەش داب و نەریتی موزیکی کەلەپووری سەر لە نوێ بە بۆتەیەکی نوێ دادەڕێژرێنەوە کە لەگەڵ شێوازی موزیکی هاوچەرخدا بگونجێت.
مانای جوانییەکانیی موزیکیی، بریتییە لە گونجانی توخمەکانی داهێنانی کاری (ڕیتم، ئاواز، هارمۆنی، دەربڕین و بنیادنانی شێوە و تێمپلەیت). بەشێکی زۆر لە دەرخستنی ئەو واتایە بە ئاوازو دانانە هونەرییەکانەوە بەندە، بە ئەزموونی هونەرمەندان، بە بیروبۆچوونەکانیان گوزارشت لە بابەتی خۆیان و ناوەرۆکی نێوخۆیی دەکەن. (بەهای جوانییەکانیی ئەو پارچەیە پشت بە دوو بابەت دەبەستێت: یەکەم ئەوەی کە دانەری موزیک دەتوانێت تا ئەو ڕادەیەی کە بتوانێت یان ڕاستەوخۆ یان لەلایەن هونەرمەندێکی نمایشەوە هەست و سۆزی خۆی بە ئێمە بگەیەنێت. دووەمیان بەهای ئەو هەست و ئەو مەرجانەیە کە پێمان دەگەیەنێت، بەڵام یەکەم شت پێویستی بەوەیە کە بیسەر و گوێگری موزیک بتوانن ببنە ئامرازی پەیوەندی سۆزداری، بۆیە، لێرەدا ئەگەر مرۆڤ هەستیار بێت بۆ ئەو بارودۆخ و هەستانەی کە موزیکژەنەکە هەوڵی داوە پێمان بگەیەنێت، ئاوا ئامانج و مانای جوانییەکانی موزیکیی دێنەدی و دەستەمۆ دەکرێن).
جوانی لە هونەر گشتگیرترە، پەیوەندییە جوانییەکانی حەقیقەتی بوونە و بەگشتی سروشت وئەنجامەکانی لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی مرۆڤ و جیهانی سروشتی و کۆمەڵایەتیدا دەردەکەوێت.