ئامادەکردنی موزیکیی

ئامانج غازی

هۆکارێک هەیە لەوانەیە دانەرانی موزیک هانبدات – سەدەی بیستەم بە تایبەتی – ئەویش مەیلی زیندووکردنەوەی فۆرمی فۆلکلۆرییە لە موزیکدا، بە ئاراستەی زیندووکردنەوەی کەلەپوورە میللییەکانی موزیک، واتە گەڕانی بەرچاو لەم سەدەیەدا بۆ بابەتی نوێ بە هەر نرخێک و بەهەر شێوەیەک بێت. گەڕانی نوێ بۆ موزیک ڕێگەی جۆراوجۆری گرتە بەر لەوانە زیندووکردنەوەی ئاوازە میللییەکان و قبووڵکردنیان و لەنێویاندا بوژانەوەی ئاوازی فۆلکلۆری و خستنەکاریان وەک بنەمایەک بۆ ڕەوتێکی هونەری موزیکیی، واتە کاراکتەری گەڕانەوەی ڕابردوو بە مانای سروشتی گەڕانەوە بۆ کۆن بە لکاندنی وێنەیەکی نوێی زانستی.
زاراوەی ئامادەکاری موزیکیی ئاماژەیە بۆ داڕشتنی بەرهەمێکی موزیکیی بەجۆرێک لەگەڵ ئەو ئامێرانەدا بگونجێت، کە بەرهەمەکە لە بنەڕەتدا بۆیان نەنووسراوە، مەبەست لە ئامادەکردنی بەرهەمەکە ڕەنگە ڕوونکردنەوە یان سادەکردنەوە بێت، کە یارمەتیدەرە بۆ سەرهەڵدانی زۆرێک لە ئاوازەکانی ئۆرکێسترای نێودەوڵەتی، ئامادەکارییەکە دەتوانرێت لەلایەن دانەری موزیکی ڕەسەنی بەرهەمەکەوە ئەنجام بدرێت، یان هەر دانەری موزیکێکی تر. هەروەها ئەم دەستەواژەیە بەو مانایەیە کارەکە لەو مەبەستەوە دەگۆڕێت کە بۆی نووسراوە، بۆیە دەتوانێت لە ئامانجی گۆرانی چڕینی مرۆڤەوە بگۆڕێت بۆ نمایشی ئۆرکێسترایی، یان بە پێچەوانەوە، یاخود لە گروپێکی موزیکییەوە بۆ ئۆرکێسترایەکی گەورە، یان بۆ میوزیکاڵێکی بچووکتر لە گروپ و ئەم گۆڕانکاریانەی پێشوو دەتوانن بگۆڕدرێن لە کەسایەتی وڕۆحانییەتی بەرهەمەکە، بەڵام پاراستنی ناوەرۆک و گەوهەری بەرهەمە ڕەسەنەکە لە هەموو شتێک گرنگترە. ئەم توخمانە کەوتوونەتە ژێر چارەسەری تایبەتمەندەوە، کە بەپێی ئامانجە خوازراوەکانی ئامادەکاری موزیک دیاری دەکرێت، کە لە بەرامبەردا یەک یان چەند کردارێکی تاکەکەسی لەخۆدەگرێت کە بەپێی ئەوەی ئامادەکەر پێویستی بە چ ئامادەکارییەک هەیە، ئامانجەکەی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. دیاریترینی ئەم ڕێکارانە بریتین لە:
١- داڕشتنەوەی ئاوازەکە، بۆ ئەوەی گونجاو بێت بۆ گروپێکی موزیکیی، جگە لەو گروپەی لە بنەڕەتدا بۆی نووسراوە.
٢- داڕشتنەوەی ئاوازەکە بۆ شێوازێکی موزیکی جیاواز.
٣- زیادکردنی یاوەر ی و هاوشانیکردنی هاڕمۆنی بۆ میلۆدی ئاوازدانراو، یان پرۆسێسکردنی یاوەریی هاڕمۆنی ڕەسەن، بۆ ئەوەی لەگەڵ ژمارە نوێیەکاندا بگونجێت.
٤- تیشک خستنە سەر بەشی کارلێکی میلۆدی لە پێکهاتەی موزیک
٥- دوبارەکردنەوەی تەواوی ئاوازەکە، یان بەشێکی، یان بە دووبارەکردنەوەی وەک خۆی بەبێ گۆڕانکاری، یان بە دووبارەکردنەوەی بە هەندێک دەستکاریکردنەوە.
٦- زیادکردنی بەشە میلۆدییە نوێیەکان بۆ ڕستە میلۆدییە ڕەسەنەکان بە شێوەی “پرد”، کە بەشەکانی میلۆدی ڕەسەن بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
٧- مامەڵەی هاڕمۆنی کارلێکەکان لەگەڵ میلۆدی ڕەسەن بە دانانی یاوەریییەکی دیاریکراو، یان هەڵبژاردنی هەندێک دەنگ لە پێکهاتە هەبووەکان و پاراستنیان وەک یاوەریییەکی هارمۆنیکی بنەڕەتی لە پارچەکەدا.

ھەواڵی زیاتر