مانا هونەرییەکانیشوناسی گۆرانی

ئامانج غازی

بەشێک لە شوناسی خەڵک بە زمان و هونەرو فۆلکلۆرو داب و نەریت و مێژوو دیاری دەکرێت، بۆیە بێگومان ئەوبابەتە زیندووانە گەلی کوردیش دەگرێتەوە، کە تیایدا پابەندبوونی توند بە داب و نەریتی میراتی باپیرانەوە، ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە هێشتنەوەی زۆرێک لەو خوو و ڕەوشتانەی پەیوەندییەکی تۆکمەیان بە موزیک و گۆرانی چڕینەوە هەبووە.
گۆرانی چڕینی کوردی وەک هەڵگری تێکڕای مانا هونەرییەکانی بابەتەکە، هێما بۆ فراوانیی ژینگەی کورد و سروشتی وڵاتەکەی و سیفاتی گەلەکەی دەکات. بۆیە ئەم هونەرە بووەتە بەشێک لە ئەرک و دەربرینی نەتەوەی کورد. گۆرانی پانتایی و شوێنێکی دیار لەنێو شێوەکانی ئەدەبی زارەکی کوردیدا گرتووە، بەهۆی بوونی پەیوەندییەکی پتەولە نێوان گۆرانیی و بۆنە کوردیەکان لە ساتی دەربڕینی خۆشی بەختەوەری، هەروەها لەکاتی هەستکردن بە خەم و ئازارەکانیشەوە. ئەم جۆرە هونەرە، واتە (هونەری گۆرانی وا دەخەمڵێندرێ کە هێندەی دیرۆکی کورد کۆنبێ، چونکە یەکەم یاوەریی و دەرکەوتن و ناساندنی لەگەڵ پەرەسەندنی هۆشیاریی کورد چەکەرەی کردووە و لە شێوە سەرەتایی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و کلتوورەکەیدا ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەری هەبووە، موزیسیان و ژەنیار و دانەرانی موزیک پاراستن و گەشەپێدانی ڕۆحیی موزیکی کوردی لە ڕێگەی کار و نووسین و چالاکی زانستی و ئەکادیمی و پەروەردەییەوە لە ئەستۆ دەگرین. بێگومان ئەمەش تێکڕا دەکەوێتە ژێر شوناسی موزیکی ڕەسەنی کەلەپووری و میللیی کوردی، هەروەها کار و گەشەکردنیشی بە وریاییەوە بابەتێکی هەستیار و هەنووکەییە، چونکە ئەمەیان جیاوازە لە گۆڕانکاری کردن یان ڕەتکردنەوەی بابەتەکە بە گشتیی. بۆیە پێویستە بزانین فۆلکلۆر چییە و بە وشیارییەوە بیخوێنینەوە، دواتر بە شێوەیەکی هاوچەرخ و نوێگەرییانە لە سەر بنەمای تێگەیشتن لە ناوەرۆک و چەمکەکانییەوە زیندووی بکەینەوە، تا ئەمڕۆش، ئەم بابەتە گرنگە چەمکی ئەو کەسانە دەگرێتەخۆ کە خاوەنی هەموو ئەو بەرژەوەندییە نەتەوەییانەن، کە لە قۆناغە مێژووییەکانی ناوچەکانی نیشتەجێبوونیاندا گەشەیان کردووە.
نەتەوەی کورد لە عێراقدا کۆمەڵێک تایبەتمەندیی *خۆی هەیە، کە جیاوازن لەگەڵ کۆمەڵگەی عەرەبی – عێراقی، لە ئەنجامی ژینگەیەکی جیاواز لە سروشتی جوگرافی و کەش و هەوای خۆیدا، ناوچەکانی بە جیاوازی تۆپۆگرافی لە ڕووی سروشتیی جیاوازی خاکەکەیەوە دیاری دەکرێن. ئەم جیاوازییە سروشتییە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبووە لە سەر خەڵک و دانیشتوانی ناوچەکە لە زۆر لایەنی کەلتووری و چێژ و ئیستاتیکاوە، بۆیە ئەم بابەتە بووە هۆکارێکی سەرەکی، کە کۆمەڵگەی کوردی لە کۆمەڵگەکانی دیکە جیا کردەوە، کە لە هەمان سنووردا نیشتەجێبوون.
(گەلی کورد خاوەن گەنجینەیەکی فۆلکلۆریی دەوڵەمەندە و نەوە دوای نەوە دەوڵەمەندتری دەکات. ئەم فۆلکلۆرە لە تراژیدیا و نەهامەتی گەلی کورددا بەڕوونی دیارە وهەستی پێدەکرێت، لە ململانێ خێڵەکییەکانیشدا هەمیشە فۆلکلۆر داوای هاودەنگی و پێکەوەژیان لە دژی هێرش و داگیرکارییە دەرەکییەکان دەکات و دژییان دەوەستێتەوە و بەبەردەوامی بۆ خۆشەویستی و جوانی سروشت گۆرانی دەچڕێت. فۆلکلۆری کوردی ویستویەتی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی فەراهەمبێ، لە کاتێکدا باس لە ئازایەتی و نیشتمانپەروەری دەکات و هیچ کاتێکیش دەست لە خیانەت و ترسنۆکەکانیش ناپارێزێت.

ھەواڵی زیاتر