شەشەمین فێستیڤاڵی هونەری و کولتوری تورکمان بە شیعر و ئاواز و گۆرانی لە هەولێر ساز دەکرێت

٢٧ـی ئابی ٢٠٢٤، کەرنەڤاڵی شیعر و ئاواز و گۆرانی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی هونەر و کولتوری تورکمان بە ئامادەبوونی هەریەک لە “ئومێد خۆشناو” پارێزگاری هەولێر و “ئاریان سەڵاحەدین” بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری تورکمان بە چەندین بڕگەی جیاوازی هونەری لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.

فێستیڤاڵەکە، ئەمساڵ شەشەمین خولی خۆی بە چەپێک لە شیعر و گۆرانی و چەند پەرتووکێکی نوێی نووسەرانی تورکمانی ساز دەکات، کە بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری تورکمانن، جگە لەمانەش دوو پێشانگای دیکەی هونەری فۆتۆگرافیی و شێوەکاری لەخۆوە دەگرێت، کە چەند گرتەیەکی دەگمەن و دانسقەی فۆتۆگرافەرانی بەشدار لەم فێسیڤاڵە هونەرییەن، هەروەها گوڵبژێرێک لە تابلۆ جوانەکانی هونەرمەندانی بواری شێوەکاری نمایش دەکرێن، کە گوزارشت لەو نەتەوەیە دەکەن، لە نێویشیاندا تابلۆی پێکەوە ژیانی نەتەوەکان دێتە نمایشکردن و پانێڵێکی تایبەتیش بۆ خانمە پێشکەشکاری ناسراوی تورکمان “پنار چەلەبی” ڕێکدەخرێت، کە باس لە مێژووی نەتەوەی تورکمان و چالاکییەکانی ساڵانی ڕابردوو دەکات، کە چۆن هونەرمەند و ئەدیبانی کورد و تورکمان کاریان بۆ بەرەو پێشبردنی پێوەندییەکانیان کردووە لە ساڵانی ڕابرڕوودا.
“محەممەد دڵشاد” بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری تورکمان لە ئاخاوتنێکی بۆ “هەولێر” دەڵێت: شەشەمین خولی فێستیڤاڵی تورکمان بۆ هونەر و کولتوری نەتەوەکەمان، نیشاندانی ئەو کار و بەرهەمانەیە، کە هونەرمەند و ئەدیبان و داهێنەرانە لە بواری هونەردا، کە ئەمساڵ بە پڕۆگرام و ستایلێکی نوێ ئەو فێستیڤاڵە بەڕێوەدەچێت و لە کۆتایی چالاکییەکانیشدا قەڵغانی ڕێزلێنان دەبەخشینە ئەو کەسایەتیانەی، کە تەمەنی خۆیان بە هونەر و ئەدەبی تورکمان بەخشیووە لە گشت پارچەکانی کوردستان و باشووری عێراقدا.