بەدروشمی هێز و شوناس و خۆڕاگری چوارەمین فیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک دەستپێدەکات

شیڤان شێرزاد – هەولێر

چواری ئەیلوول دەبێتە دەستپێکی چوارەمین خولی شانۆی کەرکوک، کە بۆ ئەمساڵ بە خولی فەلەکەدین کاکەیی هەژمار دەکرێت و تێیدا چەندین گرووپی شانۆیی لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بەشدارییان کردووە و ماوەی پێنج رۆژیش فێستیڤاڵەکە بەردەوام دەبێت.

هونەرمەند”شکۆ عومەر”، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: لێژنەی باڵای فێستیڤاڵ 13 نمایشی شانۆیی وەرگرتووە بۆ هەردوو بەشی شانۆی هۆڵ و پانتایی کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا چوار سیمیناری زانستی بۆ هەشت توێژەر ڕێکدەخرێت و ئەم خولەش بە ناوی فەلەکەدین کاکەیی، دەگەڕێتەوە بۆ پێگەی ئەو لە کایەکانی ئەدەب و رۆشنبیریی کوردیدا.
گوتیشی: پێشبڕکێی خەڵاتی باوە گوڕ گوڕ بۆ دەقی شانۆنامەی کوردی، کە تێیدا دەقە براوەکان دەکرێن بە کتێب، یەکێکە لە جیاوازییەکانی فێستیڤاڵی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو.