شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

٣٢٠ وێنەی شاعیر و هونەرمەندانی تورکمان لە پێشانگایەکی فۆتۆگرافیدا نمایش کرا

شیڤان شێرزاد – هەولێر

لە دوای کردنەوەی دەیان پێشانگای هونەری فۆتۆگرافی لە شارەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات، هونەرمەندی فۆتوگرافەر “حاجی دلاوەر بازرگان” پێشانگایەکی تایبەت بە هونەرمەند و شاعیر و ئەدیبانی تورکمان لەژێر ناوی هەولێری پێکەوە ژیان لە هۆڵی ڕۆشنبیری و هونەری تورکمان کردەوە.

لە پێشانگاکەدا 320 وێنەی دەگمەنی هونەرمەند و شاعیران لە سەدەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ دەبینرێت، کە تەمەنی خۆیان بە خزمەتی هونەر و بزواتی ڕۆشنبیری کوردستان و نەتەوەکەیان کردووە.
“محەممەد دڵشاد” بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری تورکمان بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: کردنەوەی ئەو پێشانگا فۆتۆگرافیە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک چالاکیی وەرزی هاوینەی بەڕێوەبەرایەتیەکەمانە، کە هونەرمەند توانیوویەتی بە ڕێگەی فۆتۆ ناوازەکانی ئەرشیفێکی وێنەیی کۆبکاتەوە، کە هەموو تەمەنی خۆیان بە هونەر و شیعر و ئەدەب بەخشیووە، هەروەها چالاکییەکی دیکەی میوزیک و گۆرانی لەم ئێوارەیەدا پێشکەش دەکرێت و پاشان بە ڕێزگرتن لە شاعیر و ئەدیبان چالاکییە هونەرییەکانمان بە کۆتا دێت