هونەرمەند زاهیر عەبدوڵا گەڕایەوە هەولێر، بەڵام جارێکی تر سەردانی تورکیا دەکاتەوە

عەبدولقەهار هەولێری/ هۆڵەندا

دوای گەڕانەوەی لە وڵاتی تورکیا و بەمەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری دووەم، چەند رۆژێکی دیکە هونەرمەند زاهیر عەبدوڵا دەگەڕێتەوە وڵاتی تورکیا، بۆ مەبەستی چارەسەری لێزەر

لاوین زاهیر عەبدوڵا، کوڕی هونەرمەند زاهیر عەبدوڵا کە یاوەری باوکی کردووە بۆ وڵاتی تورکیا بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بە هەولێری راگەیاند:”بەمەبەستی وەرگرتنی پشوویەک گەڕانەوە شاری هەولێر، نەشتەرگەری یەکەمیان زۆر سەرکەوتوو بووە، چونکە نەشتەرگەری یەکەم گەورە بووە و زیاتر لە شەش کاتژمێر لە ژووری نەشتەرگەری بووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، پزیشکەکان چارەسەری پێویستیان بۆ باوکی کردووە و ئومێد دەکەن ئەنجامێکی زۆر باشی هەبێت، لە ماڵەوەش چارەسەری وەردەگرێت، بەڵام پێویست دەکات بۆ چارەسەری لێزەر سەردانی پزیشک بکاتەوە، بۆیە چەند رۆژێکی دیکە دەگەڕێنەوە وڵاتی تورکیا.
لاوین وتیشی: “سوپاسی رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکەین کە سەرجەم تێچووەکانی لەئەستۆ گرتووە، لە وڵاتی تورکیاش بەردەوام هەواڵیان پرسیوین”.
مانگی رابردوو تەندروستی هونەرمەند زاهیر عەبدوڵا تێکچوویەوە بەهۆی تووشبوونەوەی بە نەخۆشی شێرپەنجە کە دروستبوونی گرێیەکە لە سەری، دواتر ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لەسەر ئەرکی خۆی، رەوانەی تورکیای بکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.