ئەنیمەیشنی دریم (خەون) لە دەرهێنانی “سنەوبەر ئاڤانی” لە دانیمارک خەڵاتی باشترین ئەنیمەیشنی پێدرا

محەمەد لادێ

فیلمی ئەنیمەیشنی (دریم) لە دەرهێنانی “سنەوبەر ئاڤانی” ە کە لە وڵاتی دانیمارک بەرهەم هاتووە لەم دواییانەدا خەڵاتی باشترین ئەنیمەیشنی لە فیستیڤاڵی فیلمی سەربەخۆی نیۆرک بەدەستهێناوە.

ئەنیمەیشنەکە باس لە دەربازبوون لە جەنگ و ماڵوێرانی و ململانێی بەردەوام دەکات بۆ بەدستهێنانی خەونەکان و زیندووکردنەوەی هیوا.
سنەوبەر ئاڤانی، دەرهێنەری فیلمەکە، لەبارەی فیلمەکەیەوە گوتی: “فیلمی ‘خەون’ لە شێوەی درامایەکە و باسی منداڵێکی پەنابەر دەکات کە لە وڵاتەکەی خۆیدا، بەهۆی بوونی شەڕ، خەونەکانی کوژراون بۆیە پەنا دەباتە بەر وڵاتێکی دیکە و لەوێ هەوڵی بەدیهێنانی خەونەکانی دەدات لەکاتێکدا لەوێش تووشی بەربەست و نەهامەتی زۆر دەبێت و بە سەختی دەتوانێت بیانهێنێتە دی”.
دەرهێنەر لەبارەی بیرۆکەیی فیلمەکەوە وتی: “خۆم تێکستی فیلمە ئەنیمەیشنەکانم دەنووسم و بیرۆکەی فیلمەکەشم ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆمە”.
وتیشی خۆشحاڵە لەوەی کە توانیویەتی لە ڕێگەی ئەنیمەیشنەوە چیرۆکی ژیانی ئەو منداڵانە بگێڕێتەوە کە بەهۆی جەنگەوە زێدی خۆیان بەجێهێشتووە و پەنابەری وڵاتی دیکەن. پەیامیشی بۆ منداڵانی
ئەوەیە کە دەستبەرداری خەونەکانیان نەبن، ڕەنگە ڕێگەکەیان لەچاو منداڵانی دیکە دژوار بێت بەڵام تەنیا گرنگە کە هەوڵی بۆ بدەن.
ئاڤانی، لە ساڵی ١٩٦٤ لە شاری هەولێر لە دایک بووە و پێشتر مامۆستای وێنەکێشی بووە لە کۆلێژی ئاداب و دواتریش لە وڵاتی دانیمارک لەگەڵ دوو کۆمپانیای بواری بەرهەمهێنانی فیلمی کارتۆنی و ئەنیمەیشن کاریکردووە بە ناوەکانی ( Densk Tengnefilm) و Tnifilm)) .
سەبارەت بە هەڵبژاردنی جیهانی ئەنیمەیشن ئاڤانی وتی ئەو جیهانەم هەڵبژارد لەبەر ئەوەی لە ئەنیمەیشندا دەتوانیت هەموو خەونەکانت و خەیاڵ و دونیابینینی خۆت بە ئاسانی بگەیەنیت.

ھەواڵی زیاتر