تەلار هیرانیجلە کوردییەکانی بۆ تووشبوانی شێرپەنجە دەفرۆشێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

تەلار هیرانی” هونەرمەندی شانۆکار و بواری نواندن لەگەڵ هاوەڵە هونەرمەندەکەی “چریکەی شەماڵی عەبەڕەش” لە شەقامێکی پایتەختی ڕۆشنبیری دەستە جلە کوردییەکانیان بە جووتە دەفرۆشن و داهاتەکەشی دەبەخشنە نەخۆشخانەی هیوا بۆ چارەسەری تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە.

“تەلار هیرانی” لە بارەی ئەو کارە مرۆییەوە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: وەک هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیەک، کە هونەرمەندێکم لەسەر تەختی شانۆ و بەشدار لە چەند کارێکی درامیدا، ئێستا دەبینین، کەسە نزیک و هاونیشتمانیان و ئازیزانمان بە رێژەیەکی ترسناک تووشی ئەو نەخۆشیە سەختە بوونەتەوە و پێویستیان بە هاوکاری ئێمەیە، لەگەڵ چریکەی شەماڵی عەبەڕەش ئەو پڕۆژە خێرخوازییەمان راگەیاندووە و دەستە جلە کوردییەکانمان، کە بۆ فیلم و دراماکان لەبەرمان کردوون دەیانفرۆشینەوە و داهاتەکەی بە سەندوقێک دەبەینە نەخۆشخانەی هیوا و بۆ کڕینی دەرمان و چارەسەری ئەو نەخۆشیە، کە ئێستا خەڵکانێکی زۆر پێوەی دەناڵێنن و بە تەنیاش کاری حکومەت نیە ئەو هەمووە گرفت و ئاستەنگانە بگرێتە خۆی، بۆیه دەبێت ئێمە بە هەموو چین و توێژەکانەوە هاوکاربین لەبەردەم هاوڕێ و ئازیزانمان لەم نیشتمانەدا.
گوتیشی: هەوڵدەدەین پڕۆژەکە بەردەوام بێت و خەڵکانێکی دیکەش بێنە سەر هێل و خەمی ئەوان لەگەڵ خۆیاندا بەش بکەن و قورسایی و بارگرانی سەرشانی حکومەت و نەخۆشەکانمان بە رادەیەک کەم بکەینەوە و لەمەولاش هونەرەکەمان دەخەینە خزمەت چارەسەری ئەو نەخۆشیە بەپێی تواناکانمان.