د.سيروان مەحەمەد مستەفا: “وانه‌وتنه‌وه‌ی موزیك لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، هاوکاتە‌ لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای فێركردن”

دكتۆر سيروان مەحەمەد مامۆستا لە بەشى ميوزيكى کۆلێژی هونەرەجوانەكانى زانكۆى سەلاحەدين، تێزى دكتۆراكەى بە ناونيشانى (بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زانیاری لە دیزاینکردنی پرۆگرامی وانەوتنەوەی وانەی کاونتەرپۆینت و هارمۆنی لە بەشەکانی موزیک لە کۆلێژەکانی هونەرەجوانەکان) يە پسپۆری وورد لە (تیۆرەکانی موزیکی ڕۆژئاوا لە زانستی کاونتەرپۆینت و هارمۆنی)، تايبەت بە تێزى دكتۆراكەى ديدارێكمان لەگەلیدا كرد.

سەرەتا لە (د. سيروان) مان پرسى پيوەندى نێوان تەکنەلۆژیا و موزيك چييە؟ لە وەڵامدا گوتى: “لەم سەردەمەدا جیهان گۆڕانکاری و پێشکەوتنی زۆر و خێرای بەخۆوە بینيو‌ة له‌ بواره‌كانی تەکنەلۆژیای زانیاری هاوچەرخ و بەڕێوەبردن و تۆڕەکانی پەیوەندی کردنیان کردوە بە کلیلی تەکنەلۆژیای نوێ و ده‌روازه‌یه‌كی سیستەماتیکی (میتۆدۆلۆژی) بۆ سەردەمی ئینفۆڕماتیک و زانیاری گشتگیر کە دەرفەتی بۆ ڕێکخراوەکان ڕەخساندوه‌ به‌مه‌به‌ستی وەڵامدانەوە و باشترکردن و نوێکردنەوەی سەرچاوەکانیان لە میانی بەکارهێنانی ئەو سیستمانەی بەشدارن لە بەدەستهێنانی ئەدای دیار و بەرچاو. لە بواری موزیک بە گشتی و به‌ تایبه‌تی بواره‌كانی (گۆرانی وتن، تۆمارکردنی دەنگ، خستنه‌كاری بۆ نووسینه‌وه‌ی بنه‌ماكانی موزیك) سەریهەڵدا “، لە زانستی موزیك بە گشتی تەکنەلۆژیای زانیاری هاوچه‌رخ ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە، به‌شێوه‌یه‌كی كارا و سه‌ركه‌وتووانه‌ به‌شدار بووه‌ له‌ پڕۆسێسکردن (چاره‌سه‌ركردن) و زیادکردنی هەندێک کاریگەری بۆ سه‌ر دەنگ‌، وەک یارمەتیدەرێکیش بۆ باشتر فێرکردنی بنەماکانی نووسینی موزیك بەکارهێنراوه. ئه‌مه‌ش بوونەتە تێکەڵەیەک لە تووخمە موزیكییه‌كان (ڕیتم، میلۆدی، هارمۆنی، جۆری ده‌نگ) لە ڕێگەی ئامێری موزیكی و بیرۆکەی هەندێک له‌ ئاوازدانەره‌كان. ئەمەش وای لە ئێمە کرد بیر لەم بوارە نوێیەی فێركردنه‌ بکەینەوە، هەروەها بە خوێندن و توێژینەوە تا چەند ئەم شێوازە فێرکردنه‌یه‌ لە پڕۆسه‌ی وانەوتنەوەى هه‌ر دوو بابه‌تدا دەکرێت بەکاربهێنرێت و سوودی لێ وەربگیرێت بۆ پەرەپێدانی توانا و شارەزایی و دەستکەوتی مەعریفیی لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاریدا پەرە بەو بواره‌ له‌ كۆلێژه‌كانی هونه‌ره‌جوانه‌كان بدرێت.”
لە پرسيارێكى تر لەو مامۆستايەمان پرسى کۆمپیوتەر و ئاسۆكانيتر لە فێركردنى موزيكدا چييە؟ لە وەڵامدا دەڵێ: “گەشەسەندنی شێواز و چەمکەکانی فێرکردن و وانه‌وتنه‌وه‌ی موزیك لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، هاوکاتە‌ لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای فێركردن، بووە هۆی ئەوەی فایل و وێناکردنی نووسراو تەنها سەرەتایەک بن، قوتابی دەتوانێت کاتی وانەوتنەوە هەڵیبژێرێت لەگەڵ خشتەی ژیان و کاتەکانیدا بگونجێت، لەگەڵ زیادبوونی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای کۆمپیۆتەر، بەرنامەی نوێ سەریهەڵدا بۆ فێرکردنی موزیك و لێهاتوویی تێیدا وەک بەرنامەی(Finale، Encore، Avid Technology Sibelius، Muse Score،Sonar)، ئه‌م به‌رنامانه‌ بوارێکی فراوانی هەیە بۆ ڕاهێنان لەسەر نووسینی چەمکە موزیكییه‌كان هەروەها دەکرێت هەموو وێنەکانی ئامێرە موزیكییه‌كان بەدەست بهێنرێت یان زانیاری مێژوویی موزیك یان ” پیشاندانی زاراوه موزیكییه‌كان، وەک سایتی(Music Guide Glossary) به‌ به‌كارهێنانی په‌یوه‌ندی میدی (Midi Music Instrument Digital Interface)، کۆمپیۆتەر وەک ئامێرێکی موزیك به کیبۆرد به‌كارده‌هێنرێت “.
لەگەڵ بەردەوامبوونی گه‌شه‌سه‌ندن لەم ڕووەوە ئافراندن و داهێنانی موزیكی زیاتر بوون به‌ هۆی پەیوەندی نێوان کۆمپیۆتەر و داهێنانی موزیكییان بەهێزتر کرد، تەنانەت دەکرێت ئەو میلۆدییانە تێکەڵ بکرێن له‌گه‌ڵ ئامێرە موزیكییه‌ ڕاستەقینەکان و ئامێرە ئەلەکترۆنییەکانەوە به‌یه‌كه‌وه‌ بژەنرێن، بە مەبەستی کۆکردنەوەی ئۆرکێسترایەکی یەکپارچە ساز بکرێن، ئەم پەیوەندییە بە شێوەیەکی زۆر دیار دەرکەوت تا کۆمپیۆتەر کۆنتڕۆڵی ئەدای گروپێکی موزیکی ئەلیکترۆنی کرد، میلۆدییەکان لەلایەن موزیكژەنێکەوە یان بەبێ موزیكژەنێک لە ڕێگەی پێکهاتەکانی موزیكی ئەلیکترۆنییەوە نمایش دەکرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی کارێکی تەواوی موزیكی یەکگرتوو بە شێوەیەک ئێمە چاوەڕێمان نەدەکرد.
سەبارەت بە سوودەكانى بەكارهێنانى کۆمپیوتەر لە فێركردنى موزيكدا د.سيروان ڕاى وايە: “سوودەکانی بەکارهێنانی کۆمپیۆتەر لە فێركردنی موزیكدا:
1- قوتابی دەتوانێت هەر لقێک له‌ لقه‌كانی موزیك هەڵیبژێرێت بۆ ئەوەی ڕاهێنانی تێدا بکات، جا چ تیۆری یان کرداری بێت.
2- کۆمپیۆتەر وەک یاریدەدەری وانەوتنەوە لە زانستە جۆراوجۆرەکانی موزیكدا بەکاردەهێنرێت، لە ڕووی تیۆریەوە یان کردارییه‌وه‌ بێت.
3- وەک جێگرەوەیەک بۆ وانەوتنەوەی ورد پسپۆڕی له‌ زانستەکانی موزیكدا، له‌ ڕووی تیۆریەوە یان کردارییه‌وه‌ بێت.
4- بەرنامە پێشنیارکراوەکان بە شێوەیەکی ئاسان و چێژبەخش لەخۆ دەگرێت، بەو پێیەی ڕێکخراوە و فشاری دەروونی بۆ قوتابی و مامۆستا نییە.”

سەبارەت بە ڕۆڵی جێبةجێكردنى بەرنامەى کۆمپیوتەر تايبةت بە بوارى فێربوونى موزيك دکتۆر دەڵێ:”چەندین پڕۆگرامی موزیكی جۆراوجۆر و هەمەجۆر هەیە لە ناو کۆمپیۆتەردا بۆ نووسین و گوێگرتن لە موزیكدا بەکاردەهێنرێت و بەناوبانگترین بەرنامەکانی نووسینی موزیك پڕاكتیزه‌ كراو بریتین لە: (Finale، Encore، Avid Technology Sibelius، Muse Score،Sonar ، Harmony Assistant، Mus2، Smart Score، print music، Noteworthy Composer، Composer Notation)، بۆ ناساندنی ڕۆڵ و پێگه‌ و كاری ئه‌م به‌رنامانه‌ له‌ پڕۆسه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری ئێمە به‌م شێوه‌یه‌ ڕۆڵه‌كانیان ده‌خەینە ڕوو لە نێو بەناوبانگترین جێبەجێکردنی بەرنامە:
1- (جێبەجێکردنی بەرنامەی کۆمپیۆتەر تایبەتمەند بە نووسینی نۆتەی موزیک:
(Computer applications specialized in notation of musical notes: Musical Notation Software)
2- جێبەجێکردنی بەرنامەی کۆمپیۆتەر تایبەتمەند بە بواری تۆمارکردنی دیجیتاڵی و ستۆدیۆکان: (Digital Recording Software)
3- جێبەجێکردنی بەرنامەی کۆمپیۆتەر تایبەتمەند بە بواری فێربوونی موزیك:(Musical Educational Software)
4- جێبەجێکردنی بەرنامەی کۆمپیۆتەر تایبەتمەند بە بواری جیاکردنەوەی هێما بینراوەکاندا:
(Optical Scanning Software)”