لە هەولێر؛ چالاکییەکی هونەری نمایشکرا

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

لەهەولێر، لە چالاکییەکی هونەریدا لە سەنتەری رۆشنبیری جیهان، چالاکی هونەری (سەمای مەولانایی رۆمی)، نمایشکرا. ئەو جۆرە سەمایە رۆحیە و تێکەڵ بە خەیاڵ دەبێت و ڕۆح و هزرت ئارام دەکات.
زیاد کەریم بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری سەنتەری جیهان بە “ڕۆژنامەی هەولێر”ی ڕاگەیاند: ئێمە وەکو دەزگای ڕۆشنبیری سەنتەری جیهان، لەمیانەی ئەو خولانەی کە دەیکەینەوە لە خولە ئەدەبی و هونەری و پیشەییەکان، بە باشمان زانی گرینگی بە بابەتی سەماش بدەین، ئەو سەمایە سەمایەکی مەولانایی کە تێکەڵە بە سروودێکی ئایینی، لەگەڵ ئەوەشدا یۆگاشمان هەیە تێکەڵی دەکەین لەگەڵیدا، بۆ ئەوەی تاکی کوردی یاخود ئەو کەسانەی ئارەزوومەندی ئەو سەمایەن، چەند سەعاتێک لەژیانی تایبەتی خۆیان دووربکەونەوە، بێنە ناو دونیایێکی تر کە پێی دەڵێن دونیای مەولانایی، لەنێو ئەدەبیشدا مەولانای ڕۆمی کاریگەرییەکی زۆری هەبووە وەکو تێکستەکانی و ئێمە دەمانەوێ لەڕێگای سەماوە گوزارشت لەو بابەتە ئەدەبییە بکەین.