ئامادەم كاربكەم بۆ بەرەوپێشبردنی هونەری ئۆپێرا لە كوردستان

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

هونەرمەندی بەناوبانگی ڕووسیا و جیهانی ئۆپێرا (سڤێتڵانە كاسیان) بە نەتەوە كوردی ئێزدیه كە زۆر جار بە شاژنی ئۆپێرای كورد ناوی دەبەن سەردانی نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستانی لە ڕووسیا كرد. لە دیدارەكەدا كە سەرۆكی دامەزراوەی یەكێتی جیهانی باوەڕدارانی دێرین لیۆنید سێڤاستیانۆف و چالاكوانی دیاری كوردانی سۆڤیەتی و كوڕی یوری نەبێڤی خوا لێخۆشبوو پارێزەر دەیڤید نابیێڤ ئامادە بوون.

لە ڕاگه یەنراوێكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی ڕووسیادا هاتووە، كە د. دانەر ئەبوبەكر نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕووسیا لە سەرەتادا بەخێرهاتنی گەرمی هونەرمەندی ناوداری ئۆپێڕاو و میوانانی یاوەری كرد، دواتر بە ناوی حكومەتیی هەرێمی كوردستان دەستخۆشی و سوپاسی سەردانیكردنی جەنابیانی كرد بۆ نووسینگەی نوێنەرایەتیی حكومەت لە ڕووسیا و بە ڕۆژێكی پڕ لە شانازی لە قەڵەمدا. لە دیدارەكەدا ئامادەبووان باسیان لە ڕووداوە خۆش و ناخۆشەكانی گەلی كورد و كوردستان كرد لە ماوەی ڕابردوودا. هەروەها گفتوگۆ و تاوتوێی داب و نەریت و مێژووی گەلی كورد و بارودۆخی دیاسپۆرای كوردی لە ڕووسیا و وڵاتانی سۆڤیەتیی كۆن و جیهانیان كرد. بەشداربووانی كۆبوونەوەكە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە كولتوور و هونەر هێزێكی نەرم و گرنگە و بەهێزە كە گەلان و دەوڵەتان یەكدەخات و پێویستە پشتگیری لەو ئەنجامانە بكرێت كە پێشتر لەم بوارەدا بەدەست هاتوون و هەوڵبدرێت بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی نوێی نەتەوەیی و كولتووری بە بەشداری هونەرمەند سڤێتڵانە كاسیان كە خۆشبەختانە جەنابیان هەموو ئامادەیەكی نیشاندا بۆ بەیەكەوە كاركردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی هونەری ئۆپێرا.
لەكۆتایی دیدارەكەدا، د. دانەر مستەفا چەند بەرهەمێكی پەڕتووكی خۆی وەك یادگاری پێشكەش بە میوانان كرد كە بە پاڵپشتی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕووسیا بڵاوكراونەتەوە.