گەرمیان گلی – ههولێر
شانۆکار و ئەکتەر (سابات محەمەد)، ساڵی ١٩٧٤ لە شاری سلێمانی گەڕەکی کانێسکان لەدایک بووە. لە خانەوادەیەکی گەورە و سەرەتاکانی کانێسکانە. سەرەتای کاری هونەری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی نەوەدەکان، لەو کاتەوەی کە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان وەک قووتابی دەست بەکار بووە. وەک خۆی لەو دیمانەیەیدا بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” دەڵێ” بینەر کارێکی دەوێت هەڵقوڵاوی خۆشی و پێکەنین و گریان و ئازارەکانی ئەو بێت”
باسێکی کار و بەرهەمە هونەرییەکانت بکە؟
سەرەتای کاری هونەریم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی نەوەدەکان، ئەو کاتە قوتابی پۆلی یەکی پەیمانگا بووم، کە لە یەکەم کاردا بەشداریم کردووە بەناوی ( الجراد)، دواتر شانۆگەری زمانی چیا، لە دەرهێنانی باکۆ سۆرانی، هەر لە ساڵی ١٩٩٠ شانۆگەری شاژن و یاخیبوان، لە دەرهێنانی اسماعیل هەورامی، هەر لە کاتی پەیمانگادا لە چەند کارێکی زۆردا بەشدار بوومە وەکو شێتەکانی ئەم ڕۆژگارە، لە دەرهێنانی ئاکۆ ڕەئوف، کە لە ساڵی ١٩٩٢ دا نمایش کرا. دواتر هەر لە هەمان ساڵدا دەستم کرد بەکارکردن وەک ئەکتەر لەگەڵ هاوڕێیانی کەشکۆڵ لەگەڵ بەڕێزان، سیروان جەمال و کەمال سابیر و چەندین هونەرمەندیتری بە توانا. دوا بەدوای ئەم کارە کارێکی تر دێتە بەرنامەوە ئەویش شانۆگەری شا دەمرێت، لە دەرهێنانی دانا کریم. لە ساڵی ١٩٩٧ لەگەڵ تیپی پێشڕەوی شانۆی بە کاری ئاوایی بێ کەسە بەشداریم کردووە دواتر بەردەوام ساڵانە بەردەوام بووم لە کارکردندا. لە چەندین کاری شانۆ و دراما و سینەمادا کارم کردووە وەکو، کۆبوونەوەیەکی نهێنی، لە دەرهێنانی مەم بورهان قانع، شانۆگەری بەدحاڵی بوون، لە دەرهێنانی ڕزگار مونزر، دواتر شانۆگەری شا ئەمرێت، لە دەرهێنانی دانا کەریم، بەشدای کردن لە شانۆگەری ئاوایی بێ کەسە، لەدەرهێنانی ئازادی حەمە بچکۆل، لەگەڵ چەندین کاری تری شانۆی و بێجگە لەمانەیش بەشداری کردنم لە درامای گەڕان بەدوای سێبەرەکاندا، لە دەرهێنانی هاوڕێ مستەفا، گەردەلول، لەدەرهێنانی جەلیل زەنگەنە، فیلمی کورتی ژنێ لە هۆزی تەم، لەدەرهێنانی ئەشکانی ئەحمەدی، فیلمی گێژاو، لەدەرهێنانی هاوڕێ مستەفا و چەندین کاری تر. بە هۆکاری هاوسەرگیری سەفەری دەرەوەی وڵات دەکەم و لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێ دەبم، بەهۆی سەرقاڵی بە ماڵ و منداڵ هێنانە دونیاوە و فێربوونی زمان و خۆگوونجاندن لەگەڵ کولتووری وڵاتێکی تر کەمێک لە کاری نواندن دووردەکەومەوە، بەڵام بە دڵ هەر مەیل و خەیاڵم لەلای دەبێت و هەموو کات بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێم و چەند جارێک پلان و پرۆژە دێنە پێشەوە، بەڵام بەهەر هۆکارێک بێت سەرناگرێت، تا ساڵی ٢٠١٥ بە هاوکاری چەند هونەرمەندێک توانرا گروپی شانۆیی (سکێچ ) دابمەزرێنین کە تا ئێستا زیاتر لە ٤٥ کاری شانۆییمان لە زۆرێک لە ووڵاتانی ئەوروپا و کوردستانیش نمایش کردووە.
لە دەرەوەی وڵات چیتان کرد؟
لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی بەڕێزو بەتوانادا هەستاین بەدامەزراندنی گرووپی سکێچ بۆ شانۆی ڕاگوزەری لە ساڵی ٢٠١٥، کە تا ئێستا زیاد لە ٤٥ کاری شانۆییمان لە زۆرێک لە وسڵاتەکانی ئەوروپا نمایش کردووە و لە هەمان کاتیشدا لە کوردستان کارمان بۆ ژنان و پیران و مێرد منداڵان کردووە، سەرەڕای بوونی چەند وۆرکشۆپێکی زۆر بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە کوردستان و لە هەمان کاتیشدا بە ئۆنلاین، سەرەڕای هەموو تەنگو چەڵەمەکان، سوپاس بۆ خوا زۆر چالاکین. کارێکی ترم کە پێشکەشمان کرد بە تووشبوانی شێرپەنجە بە ناوی (گەربڕیارە بمرین ) کە لە سلێمانی و ئەوروپاش نمایشمان کرد لەدەرهێنانی شوان کریم، و (سەرەتا زۆر سەرەتا ) هەر لەدەرهێنانی شوان کەریم کە لە ئەڵمانیا نمایشمان کرد. بۆ ماوەی ساڵێک لە زانکۆی هانۆڤەر پەروەردەی شانۆم خوێند، لە کاتی پەتای کۆرۆنا بەشداربووم لە کۆرسی فێربوونی سینەما بەسەرپەرشتی شەهرامی ئەلیدی و لە هەمان کاتدا بەشداری کردنمان وەک گرووپی سکێچ لە نمایشی ئۆنلاین لەگەڵ چەند گرووپێکی زۆر بەتوانا کە دواتر ئەوان سەرسامی خۆیان بەرامبەر بە ئێمە دەربڕی و زۆر خۆشحاڵ بوون بە کارکردن لەگەڵماندا.
سەردەمی زێڕینی شانۆی کوردی کەی بوو؟
سەردەمی زێرین بۆ من واتایەکی ئەوتۆی نییە، چوونکە من پێم وایە ئەو چرکە ساتە بۆ من زێڕینە کەلەسەر تەختەی شانۆم و بەرکەوتنم لەگەڵ بینەرەکانم دەبێت و چێژیان لێ وەردەگرم و ئەوانیش چێژ لە کارەکانم وەردەگرن. خۆشحاڵانە ئێستا کار زۆر دەکرێت لە هەموو بوارەکاندا، هەرچەندە من لەگەڵ زۆرو بۆریدا نیم، بەڵام بوونیان باشترە لە نەبوونیان. دیارە مێژووی شانۆی کوردی کۆن نییە، سەبارەت بە مێژووی شانۆوە، ئێمە وەک کورد تازە دەستمان پێکردووە، لە کاتێکدا مێژووی شانۆ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش زایینی، بەڵام مێژووی شانۆی کوردی نزیکەی سەدەیەکە، بۆیە لە قۆناغی دەستپێکردنی تا ئێستا بەردەوام لە گەشەدا بووە، ئەمە وەک شانۆ خۆی، بەڵام وەک بینەر لە قۆناغێکی دیاریکراودا گرنگی زۆر بە شانۆ دەدرا، چونکە شانۆ ببوو بە تاکە دەروازەیەک بۆ گوزارشت کردن لە خۆمان وەکو کورد، لەبەر ئەوەی لە قۆناغێکی داگیرکاری دابووین و میللەتی کورد لە باشوور بەدەست ڕژێمێکەوە دەیناڵاند، بۆیە دروستکردنی شانۆ و بینینی شانۆ وەک خەبات دژی داگیرکاری لێدەکرا، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نەبوو کە لەو ساڵانەدا شانۆی باش دەکرا و ئێستا ئاستی هونەری شانۆ دابەزیوە لەبەر ئەوەیە بینەری کەم بوەتەوە، لەم ساڵانەی دوایدا شانۆی زۆر باش لە هەرێمی کوردستان کراون بەتایبەت لە شاری سلێمانی چەندین شانۆ کراون کە ئاستیان جیهانی بووە، بۆیە من پێموایە هەموو سەردەمەکان بۆ شانۆی کوردی زێڕینە.
بۆچی بینەر لەشانۆ تۆراوە؟
من پێم وایە بینەر نەتۆراوە، بە پێچەوانەوە بینەر ڕاوچیەکی زۆر ژیرو وریایە، دەزانێ چۆن نیشن بگرێت، بینەر حەز بەکاری تازە و بیرۆکەی تازە و چێژی زۆره، بینەری کوردی چاوەڕوانی زۆری هەیە، بۆیە پێیخۆشە چاوەڕوان بێت تا کارێکی باش بکرێت و بەخۆشحاڵیەوە بینەری بێت. بینەر کارێکی دەوێت هەڵقوڵاوی خۆشی و پێکەنین و گریان و ئازارەکانی ئەو بێت، ناکرێت من درامایەک یان شانۆگەریەک نمایش بکەم، کارەکتەرەکان هەمووی دەوڵەمەند و خاوەن بڕوانامە و خاوەن ماڵ و پارە بن ، ئەمە ڕاست نییە ئەمە چەواشەکاریە بینەر ئەمەی ناوێت.
نووسەری دەقی شانۆیی باشمان هەیە؟
بەڕاستی ئێمە نووسەری دەقمان زۆر کەمە، دواتر زۆر جار پێیان خۆش نابێت دەرهێنەر دەستکاری نووسینەکەی بکات، لەوانەیە هەڵقوڵاوی هەستی بێت تێدەگەم، لەوەیش تێدەگەم کە دەرهێنەر بیروبۆچوونی خۆی هەبێت و حەز بەدەستکاری بکات لەبەر ئەوە پەنا بۆ دەقی بیانی دەبرێت.
پەیامی شانۆ چییە؟
شانۆ و دراما و فیلم و سینەما، هەموو ئەمانە زۆر جوانن، بەڵام بەمەرجێک پەیامێکی پەروەردەی زانستی ڕۆشنبیری و لەهەمان کاتیشدا چارەسەرسازی گرفتەکان بێت کەم تا زۆر. پەیامی هونەری شانۆ و سینەمای کوردی وەک تەواوی جیهان زیاتر هەڵگری پەیامێكى ئینسانى و رۆشنگەریە، چوونکە هەم شانۆ و هەم سینەماش یەکێکن لە هونەرە هەرە تێکەڵەکان بە مرۆڤ و کۆمەڵگا، کە ڕەنگدانەوەی ڕاستگۆیانەی ژیان نیشان دەدەن. و بەتایبەت شانۆ هونەرێکی دێرینترە لە سینەما و لە جەوهەردا توانای گەورەی هەیە بۆ گۆڕانکاری، بۆ ساڕێژکردنی برین و لابردنی تاڵی، بۆ لابردنی ژەنگ. بەم شێوەیە کلیلی سەرەکییە بۆ کەمکردنەوەی زۆرێک لە ئازارەکان، بۆ لابردنی هەوری ڕەش لە ئاسمانی دڵی مرۆڤەکانی ناو کۆمەڵگا و گەشاوەترکردنی سەردەم.
پڕۆژەی نوێت چییە؟
پلان و پڕۆژەی تازە دێنە پێشەوە وەکو پرۆژەی فیلم، بەشداریم کردووە لە فیلمێکی درێژ کە بە زمانەکانی کوردی و ڕووسی و ئەڵمانییە بە ناوی (ڕەحمێکمان پێبکە)، لە دەرهێنانی ئەلیکسەندەر لۆڤ. بەشداری فیلمێکی ترم کردووە ئەویش فیلمی ساموراییە میهرەبانەکە، لە دەرهێنانی جووی یوۆ.
لەدوای ئەم کارانە شاوشپیل شوولەی هانۆڤەر داوام لێ دەکات کە وەک مامۆستای شانۆ کاریان لەگەڵ بکەم، دەست بەکار دەبم و و وانەی فێربوونی شانۆ و بنەماکانی بە قووتابیان دەڵێمەوە و لەهەمان کاتدا لە ئێستادا سەرقاڵی خوێندنێکم لە بواری پەروەردەی منداڵاندا، و بڕیارە ساڵی داهاتوو تەواو ببێت و پرۆژەی ئایندەشم چەند نمایشێک دەبێت لەگەڵ گرووپی سکێچ. پێمخۆش نییە ناوی هیچ ئەکتەرێک و هاوکارێک کە کارم لەگەڵ کردوون نەهێنم، چونکە نەکا کەسێکم بیر بچێت، هەموو هاوڕێکانم جێگای شانازی و خۆشحاڵین و هەموو کات بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە کار لەگەڵ هەموویاندا دەکەم و جێگای شانازین. هەر لێرەوەیش خۆشەویستی زۆرم بۆ باوکی خوالێخۆشبووم، بۆ پشتیوانی و پاڵپشتیم لە یەکەم هەنگاومەوە، دواتر دایکی ئازیزم کە چەندجار لە هۆڵی پرۆڤەکانمان کە لەگەڵ مندا ئامادە بووە خەوی لێکەوتووە یان قسە و بۆڵەبۆڵی خەڵکانێکی قبوڵ کردووە هەمووی بۆ پشتیوانی من، خوشکەکانم و کەسەکانم و هاوسەرەکەم و هەر کەسێک گەر بەووشەیەک پشتیوانی کردبێتم سوپاسی دەکەم.