ڕزگار فەقێ ئەو کوردەی خەڵاتی باشترین ئەکتەری بەدەستهێنا

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

دوای بەشداریکردنی لە پێنجەمین ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆیی سیکافینیزیا بۆ شانۆی سەرشەقام، ڕزگار فەقێ لە وڵاتی تونس، خەڵاتی ئاڵتونیی فیستیڤاڵی بەدەستهێنا.

ڕزگار فەقێ، لەڕێگەی تیپی شانۆیی (لەرێ)ـوە لە هەرێمی کوردستان بەشداری لە پێنجەمین فییستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆ کرد کە لە شاری (کاف) لە وڵاتی تونس بۆ شانۆیی سەر شەقام ڕێکخرابوو توانی خەڵاتی زێڕینی فیستیڤاڵ بەدەست بهێنێت و مەرجی وەرگرنتی خەڵاتەکەی، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بوو لە تەنیشت ئاڵای وڵاتانی دیکەی بەشداربووی فیستیڤاڵەکە.
شانۆگەرییەکە بە ناوی (من هۆشیارم) باس لە ماددەی هۆشبەردەکات، کە ئێستا گرفتێکە و تەواوی جیهان پێوەی دەناڵێنن، ئامانجیش لەم شانۆگەرییە ئەوە بووە کە نیشانی کۆمەڵگەی بدەن مەترسیی و کاریگەریی ئەم ماددانە لەسەر تاك و کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی چۆن دەبێت.
ئەم بەرهەمە شانۆیەی تیپی (شانۆیی لەرێ) لە بیرۆکەی (هونەر تاهیر)ـە و دەرهێنان و نواندنی (ڕزگار فەقێ)ـیە، بەرهەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە توانی لە وڵاتی تونس ببێتە یەکەمی فیستیڤاڵەکە و خەڵاتی زێڕینی فیستیڤاڵ بەدەست بهێنێت بۆ کۆی بەرهەمەکە کە نواندن و دەرهێنان و بیرۆکە و میوزیک لە خۆدەگرێت.
ڕزگار فەقێ سوپاسی وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کرد کە پاڵپشتییەکی زۆر باشیان کردوون و باسی لەوەش کرد کە لە سەرەتادا ڕێکخەرانی فیستیڤاڵەکە ئامادە نەبوون ئاڵای کوردستان لە تەنیشت ئاڵای وڵاتانی دیکەی فیستیڤاڵەکە دابنێن بەڵام دواتر لەڕێگەی باڵوێزخانەی عێراق لە تونس و بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراق (عومەر بەرزنجی) توانرا ئاڵای کوردستان لە فیستیڤاڵەکەدا هەڵبکرێت.