فیلمی سینەمایی (شین) دەستی بە نمایشكردن كرد

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

فیلمی سینەمایی (شین) لە شاری سلێمانی دەستی بە نمایشكردن كردووە و بڕیارە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ببرێتە شارەكانی دیكەش بۆ نمایشكردن.

ئەم فیلمە لە دەرهێنانی هونەرمەند (محەمەد مستەفا) و ژمارەیەك ئەكتەری بەتوانا رۆڵی تێدا دەبینن لەوانە (شەماڵ عەبەڕەش، هەڵوێست، رووبار خالید، ئالا) و چەند ئەكتەرێكی دیكەش، فیلمەكە لە رۆژی 21ی ئەم مانگەوە لە شاری سلێمانی دەستی بە نمایشكردن كردووە.
كارەكتە سەرەكییەكانی ئەم فیلمە هەریەكەیان بە كێشەیەكەوە دەناڵێنن، بۆ نموونە شەماڵ عەبەڕەش مافیایە، هەڵوێست قاچاخچییە و تووشی دەبێت بە شەماڵ، دواتر شەماڵ ئیش بە هەڵوێست دەكات و داوا لە هەڵوێست دەكات لە ماوەی دوو هەفتەدا 16 دەفتەری بۆ پەیدا بكات، واتە هەڵوێست بە هەر شێوەیەك بێت دەیەوێت ئەو بڕە پارەیە پەیدا بكات، پاشان هەوڵ دەدات خوشكێكی خۆی بداتە بە هاوڕێیەكی شەماڵ تا لە نیوەی پارەكە خۆش ببێت.
هەروەها رووبار خالید كوڕێكی مردووە و لە هاوسەرەكەی جیابۆتەوە و كە وای لێك دەداتەوە مێردەكەی هەستاوە بە كوشتنی كوڕەكەی، بۆیە ناگەڕێتەوە لای و لەماڵەوە باوكێكی پەككەوتەی بەخێو دەكات.
محەمەد مستەفا، دەرهێنەری فیلمەكە بە (هەولێر)ـی راگەیاند، ئەم فیلمە لە ژانری درامییە و كۆمەڵایەتییە، رووداوەكانی ناو فیلمەكە باس لە خێزانێك دەكات كە بەهۆی رووداو و بابەتی سەردەمییانەی ئێستاوە كە زۆربەی گەنج و تاكی كورد پێوەی دەناڵێنن، خێزانەكە هەڵدەوەشێتەوە.
سەبارەت بە تێچووی فیلمەكەش، ناوبراو وتی “نزیكەی 180 هەزار دۆلاری تێچووە، راستە تێچووەكەی بەراورد بە فیلمەكانی دیكە زۆر نییە، چونكە ئێمە بیرمان لەوەكردۆتەوە كە هێشتا بینەری كوردی هی ئەوە نییە تا بتوانین قازانج لە فیلم بكەین، لەدنیاشدا ئەو فیلمانە سەركەوتوون كە بۆ بینەرن، لە كۆتاییدا فیلم نمایش دەكرێت و هەندێكیان دوو قاتی خۆی پارە پەیدا دەكەنەوە، هیوادارین ئەمەش وا بێت”.
هونەرمەند هەڵوێست بۆ (هەولێر) ئاماژەی بەوەكرد، كە سیناریۆی فیلمەكەی بەدڵ بووە و دڵنیاش بووە لەتوانای محەمەد مستەفای دەرهێنەر، بۆیە بڕیاریداوە لەو فیلمەدا بەشدار بێت و وتی “هەموو مرۆڤێك رۆژێك لە رۆژان تووشی قەیرانێك دەبێت كە لەم فیلمەدا هەیە، بۆیە منیش كەم تا زۆر خۆم لەم فیلمەدا بینیوەتەوە”.
هەروەها هونەرمەند رووبار خالید بە (هەولێر)ی راگەیاند، دەبێت هونەرمەند بۆ هەموو ئیشێك بە قوڵایی بچێتە ناو كارەكتەرەكەوە پاشان بەرجەستەی دەكات، لەبەرئەوەی شیرین ژنێكی بەهێزە بۆیە زۆر حەزی لەو كارەكتەرە بووە و پێیوایە زۆر لەخۆیەوە نزیكە.