هونەرمەند تاهیر خەلیلی کۆچی دواییکرد

نیوەڕۆی ئەمڕۆ هونەرمەند تاهیری خەلیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکرد.

سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هونەرمەند تاهیری خەلیلی لە گەڕەکی راپەڕین لە شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا.

سامان نادر گوتی، تیمەکانیان رۆیشتوون بۆ هەڵگرتنی تەرمی ئەو هونەرمەندە و بردنی بۆ دادپزیشکی سلێمانی.

بەڕێوەبەری فریاکەوتنی سلێمانی لەبارەی هۆکاری مردنەکەیەوە گوتی، “زانیاریمان بەردەست نییە و دواتر هۆکارەکەی لە دادپزیشکی ئاشکرا دەکرێت.”

تاهیر خەلیلی ساڵی 1956 لە شاری بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، بەرهەمی یەکەمی خۆی لە تەمەنی 15 ساڵیدا بڵاوکردووەتەوە؛ دوای چەندین گۆرانی و سروود لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تاران، ساڵی 1979 بووەتە پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستان.

یەکێک لە گۆرانییە بەنێوبانگەکانی تاهیر خەلیلی بریتییە لە گۆرانیی “لە قەندیلی سەربەرزەوە.”