سێیەم و کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێر بەڕێوەچوو

دوێنێ، لە سێیەم و کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێر، بە ئامادەبوونی هونەرمەندان و هاوڵاتیان، بەشی شانۆ چالاکییەکانی خۆیان بە شانۆگەری (ئەوانەی هەن نین، ئەوانەی نین هەن) ئەنجامدا. دوێنێ کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵی پەیماگای هونەرەجوانەکانی هەولێر زوو، کە تێیدا هەرسێ بەشی ( شێوەکاری و میوزیک و شانۆ) چالاکییەکانی خۆیان ئەنجامدا و کۆتایی بە فێستیڤاڵەکە هات.

مامۆستا دارا سەرۆکی بەشی شانۆ، بە “ڕۆژنامەی هەولێر”ی ڕاگەیاند: ئەمساڵ لە نۆزدەهەمین فێستیڤاڵی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێر، بەشداریمان کرد لە شانۆگەری ” ئەوانەی هەن نین، ئەوانەی نین هەن” ئەو شانۆگەرییە لە نووسینی ئومێد کەمال بوو، هەروەها لە دەرهێنانی قوتابی دوا قۆناغ محەمەد دلێر بوو. لەم شانۆگەرییەدا ئێمە وەکو بەشی شانۆ بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ پرۆڤەمان تێدا کرد و خۆمان ئامادە کرد و ڕۆژانە پڕۆڤەمان دەکرد، هەندێک بوودجەشمان بۆ تەرخان کرا بۆ ئەوەی کارەکانی ئەو نمایشە بەڕێوەببەین، بۆ نانخواردن و بۆ دیکۆڕ و بۆ هاتووچۆ، توانیمان شانۆگەرییەکی جوان نمایش بکەین و سوپاسی هەموو ئامادەبوانی ئەو شانۆکەرییە دەکەین. چیرۆکی نمایشەکە باسی ئەوە دەکات کە هەندێک کەس دەبردرێنە شێتخانە بە ناحەق، هیچ کێشەیەکیان نییە بەڵام بە ناحەق دەیانبەنە شێتخانە، دواتر لە شێتخانە کە هەڵسووکەوت لەگەڵ شێتەکان دەکەن وەکو ئەوانیان لێدێت، وەکو ڤایرۆسێک هەڵسوکەوتی ئەوان وەردەگرن و وەکو ئەوانیان لێدێت، ئینجا هەر یەکەیان باسی کێشە و گیروگرفتی خۆی دەکات

ھەواڵی زیاتر