یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

سەید ئەحمەد ئامێرێكی موزیكی بە دیاری بۆ سەرۆکی هەرێم نارد

فەیسەڵ شێخانی

موزیكژەن سەید ئەحمەد رەواندزی كە زیاتر لە 40 ساڵە لەناو كاری هونەریدایە، ئێستە خۆی ئامێری موزیكی كەمان دروست دەكات و لە ماوەی رابردوویش شەش ئامێری دروست كردووە كە یەكێك لەوانەی وەك دیاری ناردووە بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی.

سەید ئەحمەد رەواندزی كە بە هونەرمەندێكی گەورەی بواری موزیك دادەنرێ‌ و خاوەن پێگەیەكی بەهێزی هونەرییە لە كوردستان و ناوچەكەدا و ئێستە بەرێوەبەری بەشی موزیكە لە بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بۆ هەولێر گوتی، شەش ئامێری كەمانی دروستكردووە و وەك ستاندەری نێودەوڵەتی ناسێنراوە.
ڕوونیشی كردەوە كە یەكێك لەو ئامێری كەمانچانە بە دیاری بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ناردووە كە هەر یەك لەو ئامێرانە زیاتر لە 90 رۆژی دەوێت تا بەرهەم دەهێنرێ‌.
هەروەها باسی لەوە كرد كە نرخی ئامێرەكانی تا ئێستە تا ٢٠ گەڵایش رۆیشتووە و ئەو بەردەوام دەبێت لە دروستكردنی ئەو ئامێرانە.
سەید ئەحمەد رواندزی لەماوەی رابردوو دەیان ئاوازی گۆرانی بۆ هونەرمەندان داناوە، هەروەها بەشداری لە چەندان فێستڤاڵی گەورەی هونەری كردووە.