كارزان گلی – هه‌ولێر
ئه‌و ئافره‌ته گۆرانیبێژه مڵكی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه بوایه، ئێستا له كتێبه مێژوویهكانیاندا وه‌كو سه‌روه‌رییه‌ك و سامانێكی نه‌ته‌وه‌یی باسی لێوه ده‌كرا.
ئایشه شان له‌به‌ر خراپی بژێوی ژیانی بۆ ماوه‌یه‌ك ڕوو ده‌كاته ئیسته‌نبۆڵ و له‌وێ له‌سه‌ر شانۆ هاوتا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌كانی توركیای وه‌كو (زه‌كی موران، ئۆرهان گه‌نجه بای، عه‌دنان شانسس) گۆرانیی چڕیوه، به‌ڵام به زمانی كوردی و توركی گۆرانییه‌كانی ده‌چڕی. بۆیه رۆژێكیان ئاماده‌بوویه‌كی ناسیۆنالیستی تورك، كاتێك گوێی لێ ده‌بێت ئایشه شان به كوردی گۆرانی ده‌چڕێت، راده‌كاته سه‌ر شانۆ و به چه‌قۆ لێی ده‌دات.
ئه‌م لێدانه ئایشه شان دووچاری نه‌خۆشی ده‌روونی ده‌كاته‌وه و ناچار ده‌كرێ ئیسته‌نبۆڵ به‌جێ بهێڵێت و به‌ره‌و ئه‌ڵمانیا به‌ڕێ بكه‌وێت و بۆ ماوه‌یه‌كی زۆریش واز له گۆرانیگوتن ده‌هێنێت. له‌وێش ژیانی غوربه‌ت ئه‌وه‌نده كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌بێت و ئازاری ده‌دات، دووباره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ توركیا، به‌ڵام ئه‌مجاره نه ده‌چێته‌وه زێدی له‌دایكبوونی كه ئامەدە، نه ده‌چێته‌وه بۆ ئیسته‌نبۆڵ بۆ گۆرانیگوتن، به‌ڵكو شاری ئیزمیر هه‌ڵده‌بژێرێت و هه‌ر له‌وێش سه‌ر ده‌نێته‌وه.
ئه‌و به‌ر له‌وه‌ی كۆچی دوایی بكات، ته‌نیا یه‌ك وه‌سیه‌تی هه‌بوو و گوتی: “ئه‌گه‌ر مردم تخوا له ئامەد بمنێژن. به‌داخه‌وه تاوه‌كو ئێستایش گۆڕه‌كه‌ی هه‌ر له ئیزمیره و ته‌نانه‌ت كه‌س نازانێت گۆڕه‌كه‌ی كەوتووەتە چی قوژبنێكی ئه‌و شاره‌وه. ئیدی كورد ئاوایه و كه‌ی قه‌دری مرۆڤه بلیمه‌ته‌كانی خۆی زانیوه؟
پێم بڵێن ئێستا كاتی ئه‌وه نییه وه‌سیه‌تی ئه‌و كه‌ڵه هونه‌رمه‌نده بەجێ بگەیەنین و گۆڕەكەی بهێنینەوە بۆ ئامەد؟ له‌راستیدا ئه‌وه ئه‌ركی HDP یه، به‌ڵام كه نه‌یكردووه دەكرێت لایەنی تر ئەو ئەركە بگرێتە ئەستۆ.
بۆ زانیاریتان ئایشه به‌ر له‌هه‌موو رێكخراوه‌كانی ئافره‌تان دژی فره‌ژنی وه‌ستاوه‌ته‌وه. بۆ نموونه ئه‌و 50 ساڵ لەمەوبه‌ر له گۆرانییه‌كدا ده‌ڵێت (ژنا وی دوو دوویه چاڤا وی برسییه) كه ئاواز و هۆنراوه‌ی گۆرانییه‌كه خۆی دایناوه.
جیا لەوەش، لە توركیا، چەندین گۆرانیبێژی ناودار گۆرانیی ئەویان چڕیوەتەوە، بەڵام ناویان نەهێناوە، نموونە ئیبراهیم تاتڵیساسە، كە گۆرانی (ژنا وی دوو دوویە)ی گوتووەتەوە بەبێ ئەوەی ئاماژەی بۆ بكات، كە گۆرانییەكە بەر لەو ئایشە شان چڕیویەتی.
كورد لە باكووری كوردستان، خاوەن هونەرێكی زۆر گەورەیە، بەڵام ئەو هونەرە وەكو خۆی نیشان نەدراوە، بەپێچەوانەوە هەوڵی جیدی دراوە، كە ئەو هونەرە ون بكرێت و كەڵە هونەرمەندەكان ناویان بسڕێتەوە، یەكێك لەوانە ئایشە شانە.
ئەگەر نموونە بە TRTی كوردی بهێنینەوە، ئەو كەناڵە 24 سەعات بەرنامەكانی بە زمانی كوردییە، بەڵام لەڕووی هونەرەوە، هونەری كوردی زۆر لاواز نیشان دەدات.
هاوڕێیەكی باكووریم كە رۆژنامەنووسە، جارێكیان پێی گوتم، لەو كەناڵە، بەئەنقەست گۆرانیی ئەو گۆرانیبێژانە پەخش دەكەن، كە ئاستی هونەرییان لاوازە، بۆ ئەوەی بە رای گشتی توركیا بڵێن، كورد لەڕووی هونەری گۆرانییەوە لاوازە، گەروا نەبێت، بۆچی گۆرانییەكانی ئایشە شان و ئارام تیگران و محەمەد شێخۆ و محەمەد عارف جەزراوی پەخش ناكرێت.
ئەوكاتەی ئایشە شان، لە باكووری كوردستان گۆرانیی دەچڕی، لە توركیا گۆرانیبێژی ئافرەت هەبوو، بەڵام بەو شێوەیە بەرفراوان نەبوو، بۆیە پێیان هەزم نەكراوە، كورد ئافرەتێكی لەشێوەی ئایشە شانیان تێدا هەڵكەوێت، ئەمەش رەنگە یەكێك بێت لەو هۆكارانەی كە دژایەتی كراوە و شاربەدەریان كردووە. بەداخەوە، ئەو رق و كینەیەی بەرامبەر بە كورد و زمانەكەی هەیە لە توركیا، تاوەكوو ئێستاش بەردەوامە، هەر بۆ نموونە ئەحمەد كایا، كاتێك گوتی گۆرانییەك بە كوردی بڵاو دەكەمەوە، وەكو ئایشە شان، شاربەدەر كرا و لە غەریبی سەری نایەوە.