عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
لە شاری سلێمانی و بۆ ماوەی پێنج رۆژ ٢٤ خانم لە پڕۆژەی (كەپر)دا توانییان نزیكەی ٣٠ تابلۆ نمایش بكەن و، بە وتەی خۆیشیان پڕۆژەكەیان سەركەوتوو بووە.
بەشی شێوەكاریی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی هەستا بە كردنەوەی پڕۆژەی كەپر لەنێو كارگەی كلتوری سلێمانی بۆ ماوەی پێنج رۆژ چەندیین تابلۆی 24 خانمی شێوەکار نمایشکران
وەك لە دەلیلی پڕۆژەكەدا هاتووە “(پڕۆژەی هونەری كەپر) پڕۆژەیەكە بۆ كۆكردنەوەی كۆمەڵێك توانای جیاواز و ئایدیای جیاوازی كۆمەڵە هونەرمەندێكی خانم لە ژێر ناوی پڕۆژەی كەپر، كە بریتی بوو لەكاركردن بەیەكەوە و گۆڕینەوە و بەهێزكردنی كاری یەكتر، دروستكردنی كەشێكی هونەری كە بتوانن دنیابینی خانمی كورد بە باشترین شێوە نمایش بكەن كە تاڕادەیەك ئەزموونێكی باش بوو”.
لەو بارەیەوە سەرخێڵ جەمال، بەڕێوەبەری شێوەكاریی سلێمانی بە (هەولێر)ی راگەیاند، بیرۆكەی ئەم كارە بۆ ڕۆژی جیهانیی ژنان ٨ـی مارس بوو، بەڵام ڕەزامەندیی بودجەی دوا كەوت و پاشان بیرۆكەكە گۆڕدرا بۆ ئەوەی ٢٤ خانم لەناو كارگەی كولتوور بۆ ماوەی ٣ رۆژ كاریان كرد و پاشان پێشانگاكەمان كردەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد نزیكەی ٣٠ تابلۆ نمایش كراوە و تابلۆكانیش جیاوازن و هەر خانمێك بە ستایلی خۆیان كارەكەیان کردووە لە (تەعبیر و سروشتی و ئەبستراكت).
سەبارەت بە كردنەوەی پێشانگا جیاوازەكان لە شاری سلێمانی، سەرخێڵ جەمال وتی “كردنەوەی پێشانگاكان باشە، بەڵام گرنگ ئەوەیە جێی خۆیان بگرن و كوالێتییەكەیان گرنگە، هەروەها لەڕووی ڕێكخستن و كوالێتییەوە باش بن”.
مهاباد جەمال، هونەرمەندی شێوەكاری بەشدار بۆ (هەولێر) رایگەیاند، پڕۆژەی كەپر پڕۆژەیەكی زۆر باشە و هەریەكەیان كارێكیان كردووە و خۆیشی بە یەك كار بەشداری كردووە و، وتی “هەركەسەو بە ستایلێك كارمان كردووە، پێشانگاكە زۆر سەركەوتوو بوو؛ ئەوانەی بەشدارییان كردووە بوێرن، لەبەرئەوەی سێ ڕۆژ بەرامبەر بینەر كارمان دەكرد”.
هەروەها شێوەكار گۆنا محەمەد ڕوونیشی كردەوە، كەپر پڕۆژەیەكی جوان بوو توانیی ٢٤ خانم كۆ بكاتەوە و هانیان بدات بۆ كاری باش و دەرخستنی تواناكانیان، بۆیە هیوادارین كردنەوەی ئەم پێشانگایانە بەردەوام بن.